دی ئێن ئۆ و گەنەل ئێنێرجی لە قەرزەکانیان لە هەرێمی کوردستان خۆشدەبن

24-08-2017
دیار کوردە @diyarkurda
نیشانەکردن نەوت
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هەردوو کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەل ئێنێرجی تورکی لە قەرزەکانیان لە هەرێمی کوردستان خۆشدەبن.

رۆژی پێنجشەممە 24-8-2017 لە راگەیێندراوێکیدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەل ئێنێرجی تورکی کردووە، کە بەپێی رێککەوتنەکە ئەو دوو کۆمپانیایە لەبەرامبەر زیادکردنی قازانجی پشکەکانیان، لە قەرزەکانیان لەسەر هەرێمی کوردستان خۆشدەبن.

بەپێی راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر لێخۆشبوونی لە قەرزەکانی، %20ی پشکەکانی لە کێڵگەی تاوکێ بە دی ئێن ئۆی نەرویجی دەدات.

هاوکات %4.5ی پشکەکانی لەهەمان کێڵگە لە بەرامبەر لێخۆشبوونی لە قەرزەکانی، بە کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی دەدات.

سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، ئەو رێککەوتنە لە 1ی ئابی 2017ەوە تاوەکو پێنج ساڵی دیکە، واتە تاوەکو 31ی تەمموزی 2022 کاری پێدەکرێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە