رووداو-هەولێر
بەشێكی زۆری ناوچە كشتوكاڵییەكانی عێراق لەم وەرزەدا بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن، بۆیە حكومەتی عێراق داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ئاوی بەنداوی دوكانیان بۆ بەربداتەوە، بەڵام وەڵامی هەرێمی كوردستانیش تاوەكو ئێستا وەك وەڵامەكانی بەغدا لە پرسی نەوت و مووچە، نەرێنییە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای حەویجە ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە حكوومەتی بەغدا كردووە، كە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوكان بۆئەوەی ئاودێریی بەروبوومی گەنم و جۆی پێیبكەن.
ئەكرەم ئەحمەد رەسوڵ،بەڕێوبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیكردو لەبارەی ئەو ناوچە كشتوكاڵیانەی عێراق، كە پێویستیان بە ئاوی هەرێمی كوردستان هەیە گوتی "لە دەربەندیخانەوە تا دەچێتە دیالە و جەلەولا و خاڵس و حەمرین، لەوێشەوە تا دەگاتەوە بەغدا هەموو ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، هەروەها لە كەركووك و حەویجە و خورماتوو و سامەرا و تكریت و تا دەچێتەوە بەغدا و خوارووتریشی هەمووی پشتئەستوورن بەو ئاوە".
سەبارەت بە وەڵامی هەرێمی كوردستان بۆ بەردانەوەی ئەو ئاوە، گوتی "ئێمە بەرنامەمان هەیە بۆ بەردانەوەی ئاو و حیساباتی خۆمان هەیە، ئەمساڵ ئاومان زۆر لە ساڵی رابردوو كەمترە، پێشتر پێمان راگەیاندوون كە بە بەرنامەی خۆمان كاردەكەین و كشتوكاڵی خۆتان بە ئاوی ئێمە مەبستنەوە، چونكە ئێمە تەنها دەتوانین بەشی ئاوی خواردنەوەتان بۆ دابین بكەین و ناتوانین بەشی كشتوكاڵی هاوینەو زستانە دابین بكەین".
ماوەیەكە كێشەكانی هەولێر و بەغدا تووند بوونەتەوەو گەیشتووەتە ئەوەی بەغدا تاوەكو ئێستا مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، بەڵام لە بەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان كارتی فشاری هەیە كە تاوەكو ئێستا بەكاری نەهێناون، كە یەكێك لەوانە بڕینی ئاوە لە ناوچە كشتوكاڵییەكانی عێراق. بەڕێوەبەری بەنداو و كۆگاكانی دوكان و دەربەندیخانیش دەڵێ "با ئەوانیش تەحەمولی كەمئاوی بكەن، ئەوە كێشەی خۆیانە".
گوتیشی "تاوەكو ئێستا نەمانهێشتووە خەڵكی كەركووك كێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست بێت، بەڵام چیدیكە ئەوە كێشەی ئێمە نییە ئاوی حەویجە و خورماتوو و ناوچەكانی دیكە دابین بكەین".
هاوكات عەلی هاشمی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پانتاییەكی زۆری كشتوكاڵی عێراق پشت بە ئاوی دوكان دەبەستێ، تەنانەت لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووریش".
هاشمی ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەوان بە پشتبەستن بە ئاوی دوكان پلانی كشتوكاڵی ئەمساڵیان داناوەو گوتی "ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات تووشی كێشە دەبین".
حسێن ساڵح، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای حەویجە ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە، كە دەبێ حكومەتی بەغدا چارەسەرێك بۆ سەدان جوتیار بدۆزیتەوە، كە بەدەست كەمی و نەبوونی ئاوەوە بە هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی خەریكە لەنێو دەچێ.

.jpg&w=3840&q=75)

