لە سێ ساڵی داهاتوودا كێبڵی ئینتەرنێت دەگاتە 75%ی ماڵەكانی كوردستان

21-05-2014
محەممەد هادی
نیشانەکردن ئینتەرنێت كوردستان
A+ A-

رووداو– هەولێر

بەرپرسێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو پلانەی نەخشەیان بۆ داناوە، دەبێت لە ماوەی سێ‌ ساڵی داهاتوودا 75%ی ماڵەكانی هەرێمی كوردستان كێبڵی ئینتەرنێتیان هەبێت.

كوردستان لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئینتەرنێت كە ئێستا بووەتە یەكێك لە پێداویستییەكانی زۆربەی خەڵكی كوردستان و كۆمپانیاكان و كەناڵەكانی راگەیاندن و فەرمانگەكانی حكومەت، هێشتا لە ئاستی خواستی بەكارهێنەرانیدا نییە. بەبڕوای شارەزایان ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ژێرخانێكی گەیاندنی پتەوی وەك وایەر یان كێبڵ لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، تاوەكو ئێستا 27 كۆمپانیای تایبەت بە دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت مۆڵەتیان لە وەزارەت وەرگرتووە.

زۆر لە بەكاربەرانی ئینتەرنێت گلەییان لە نرخی بەكارهێنان و خاویی هێڵەكانی ئینتەرنێت هەیە. بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەم بوارە.

كاروان شێخ رەزا، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە (تۆڕیی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "نەبوونی ژێرخانی گەیاندنی پتەو و بێهێزیی كۆمپانیاكان لە ناو شار و شارۆچكەكان و زۆریی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت وای كردووە كە هێڵەكان خاو بن".

سەبارەت بە زۆریی نرخی بەكارهێنانی ئینتەرنێتیش ناوبراو گوتی "هەر كۆمپانیایەك بەپێی گرێبەستی تایبەتی خۆی نرخ دیاری دەكات كە مانگانە لە 25 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تاوەكو 100 هەزار دینار، جگە لەوەش هەر كۆمپانیایەك شێوازێكی كارتی ئینتەرنێتی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمەش وایكردووە نرخەكان جیاواز بن".

پسپۆڕێكی ئابووری پێیوایە نەبوونی چاودێری لەسەر كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت وای كردووە خاو و گران بن. ئیدریس رەمەزان، شارەزای ئابووری بە (رووداو)ی گوت "كۆنتڕۆل و چاودێری لەسەر كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت هۆكاری سەرەكی خراپیی هێڵەكانی ئینتەرنێتە، جگە لەوەش یاسایەكی تایبەت بەو بوارە نییە".

لە هەرێمی كوردستان چەند جۆرێكی ئینتەرنێت هەیە، لەوانە ADSL، كە بە كێبڵ كار دەكات. تارین نێت، رێبەر، بروسك نێت، گۆران نێت، فاست لینك كە زۆربەیان بە واریەرلێس كار دەكەن، هەروەها هێڵی فایبەر ئۆپتیك كە هێڵێكی تیشكییە.
هەروەها جۆرێكی دیكەش هەیە كە پێیدەڵێن LPA. كاروان شێخ رەزا دەڵێت "حكومەت لەمەودوا مۆڵەت ناداتە هیچ كۆمپانیایەك ئەگەر بەپێی سیستمی LPA كار نەكات".

لە ماوەی رابردوودا حكومەتی عێراق رێگای بە كۆمپانیاكان دا كە سیستمی G3 بەكاربێنن. ئەو سیستمە لەرەلەرەكەی لە نێوان 1.9 تاوەكو 2.1 گێگا هێرتزە. بەم سیستەمە دەتوانرێت نامەی درێژ و ڤیدیۆی درێژ بە ئاسانی بنێردرێ و كاری لەسەر بكرێ، جگە لەوەش دەتوانیت بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەیری تیڤییەكان بكەی لە ڕێگای مۆبایلەوە.

كاروان شێخ رەزا ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان دەیانەوێت خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە سەرجەم كوردستان پەرەپێبدەن و فراوانی بكەن و گوتی "لە سێ ساڵی داهاتوودا 75%ی ماڵەكانی هەرێمی كوردستان كێبڵی ئینتەرنێتیان بۆ دابین دەكرێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە