رووداو-لەندەن
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بۆرییانەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ نێو خاكی توركیا دەگوازنەوە، بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو تەواوبن.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئینگلیزی، د.ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی وتارێكیدا لە كۆنفرانسی وزەی عێراقی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئاشكرای كردووە، كە ئەو بۆرییانە لەسەرەتادا توانای هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە لە رۆژێكدا و دواتریش زیاد دەكات بۆ 1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
بەپێی رۆژنامەكە، ئەو بۆرییانە بە گۆڕینی پارسەنگی گەمەی پیشەسازی نەوت دەبینرێت لە عێراق و رەنگە كاریگەی سیاسیشی لێبكەوێتەوە.
لەو بارەیەوە هەورامی دەڵێت: "دڵنیام كە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لەرێگای ئەو بۆرییانەوە بەمزووانە دەبێتە راستی".
هەورامی ئەوەشی ئاشكرای كردووە، "قەبارەی هەناردەی ئێستای نەوتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 30 هەزار بەرمیلە، بەڵام ئەمە زۆر لە خوار توانای راستەقینەی هەرێمی كوردستانەوەیە".
راشیگەیاند: "توانای راستەقینەی كوردستان بەرهەمهێنانی 300 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا و چاوەڕێش دەكات هەتا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 400 هەزار بەرمیل".
ماوەی چەند ساڵێكە هەولێر و بەغدا ناكۆكییانە لەسەر كۆنترۆڵكردنی سامانی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، لەمانگی دیسێمبەری رابردووشدا هەرێمی كوردستان پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی لەرێگای بۆرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵەوە راگرتووە و بە تانكەر نەوت هەناردەی توركیا دەكات.



