رووداو-بەغدا
حكومەتی عێراق رایگەیاند، بەنیازە تاوەكو ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوتەكەی بەرێژەی لەسەدا 45 زیاد بكات، ئەمەش بەبێ هەژماركردنی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش ئاماژەیە بەوەی كێشەی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز، هێشتا دوورە لە چارەسەركردن.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، بەرپرسێكی باڵای حكومەتی عێراق رایگەیاندووە، بەغدا بەنیازە تاوەكو ساڵی 2014 بەرهەمی رۆژانەی بگەیەنێتە 4.5 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەبێ تێكەڵاوكردنی رێژەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان و تەنیا پشت بە بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەكانی باشوور دەبەستێت.
تامر غودبانی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ بواری وزە، رایگەیاند، ئەوان چاویان لە هەرێمی كوردستان نییە بۆ بەرهەمهێنانی نەوتەكەی، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان ناردنی نەوتی بەنێو بۆرییەكانی حكومەتی فیدڕاڵدا راگرت.
لەو بارەیەوە غودبان لەمیانەی كۆنفرانسی وزەی عێراق لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، گوتی: "ئامانجی بەرهەمهێنانی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا پشتبەستنە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە 15 پارێزگای عێراق، بێجگە لە هەرێمی كوردستان".
پێشتر هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، عێراق بڕی 4 ترلیۆن دینار قەرزداری حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی خەرجنەكردنی دەستحەقی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە لە هەرێمی كوردستان خەریكی بەرهەمهێنانی نەوتن، ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی بەغدا ئەو گرێبەستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆمپانیا بیانییەكان بە "نایاسایی" لەقەڵەم دەدات.
لە مانگی دیسێمبەری رابردووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو كێشانەوە هەناردەكردنی نەوتی راگرتووە.



