ئاشتی هەورامی: بەغدا سكاڵاكانی لەدژی هەرێمی كوردستان لە دادگا دەكێشێتەوە

17-12-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاشتی هەورامی
A+ A-

رووداو- لەندەن

دووەمین رۆژی چوارەمین كۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە كاژێر 8:00 بە كاتی لەندەن بە وتاری ئالێریۆ پارا، وەزیری پێشووی وزەی ڤەنزوێلا دەستیپێكرد.

لەو كۆنفرانسەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆمپانیا نەوتییەكانی كاركەر لە كوردستان لەگەڵ 850 شارەزاو خاوەن كاری نەوت و گاز بەشدارن.

لە میانەی وتارێكدا، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە كێشە سەرەكییەكانیان لەگەڵ بەغدا هێشتا چارەسەرنەكراون و رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بەغدا تەنیا رێككەوتنێكی كاتییە لەسەر بودجەی 2015 ی عێراق ، ئەوەش لەبری هەناردەكردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی كێلگەكانی هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كێلگەكانی كەركووك، هەرێمی كوردستان لەسەدا 17 ی بودجەی عێراق وەردەگرێت.

هەورامی راشیگەیاند، كە هەرێمی كوردستان یارمەتی عێراق دەدات پێویستییەكانی بە وزە دابین بكات و هیوای خۆشی دەربڕی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بگەنە رێككەوتنێكی درێژخایەن. گوتیشی "بەغدا سكاڵاكانی لە دژی هەرێمی كوردستان لە دادگاكان دەكێشێتەوە".

وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان هەروەها دووپاتیكردەوە هیچكات وازناهێنن لە مافی رەوای خۆیان لە هەناردەكردنی نەوت بە شێوازێكی سەربەخۆ.

ئاشتی هەورامی جەختیكردەوە، كە درێژە دەدەن بە پێدانی دەستحەقی كۆمپانیا نەوتییەكانی كاركەر لە هەرێمی كوردستان، "لەبەرئەوەی ئەو كارە دەبێتە گەرەنتی درێژەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستاندا".

لەو كۆنفرانسەدا هەروەها رۆژ نووری شاوێس، جێگری سەرۆكی حكومەتی عێراق تیشكی خستەسەر پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق و رایگەیاند، كە لەبەر ئەو كێشە داراییانە كە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت، ناچارە هەناردەكردنی نەوت لە رێی توركیاوە زیادبكات.

جێگری سەرۆكی حكومەتی عێراق هەروەها جەختی لەوە كردەوە ئەو گازەی كە لە كێڵگەكانی نەوت لە عێراقدا بەفیڕۆدەچێت و ژینگە پیسدەكات، دەبێت چارەسەر بكرێت و سوودی لێوەربگیردرێت.

هەر لە میانەی دووەمین رۆژی  كۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، پێشانگای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە فەرمی كرایەوە، كە تێیدا كۆمپانیا نەوتییەكان چالاكییەكانیان لە كوردستان دەخەنەڕوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە