وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: نەوتمان بە ئیسرائیل نەفرۆشتووە

15-05-2014
رووداو @Rudawkurdish
وێنەگر: سیروان عەزیز
وێنەگر: سیروان عەزیز
نیشانەکردن نەوتی كوردستان
A+ A-

 رووداو-هەولێر

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئیسرائیل یان هەر دەوڵەتێکی دیکە فرۆشرابێت.

ئەو کاردانەوەیەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک دێت لە میدیای جیهانیدا لەبارەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل و ئەمریکا. بەپێی راپۆرتەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بە چوار کەشتیی بارهەڵگر، نەوتی کوردستان لە تورکیاوە گەیەندراوەتەوە کەناراوی حەیفا لە ئیسرائیل. 

سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتووە یەک دڵۆپیش نەوتی کوردستانیان پێ نەفرۆشراوە”. هەروەها سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “تاوەکو ئێستا نەوتی کوردستان نەفرۆشراوە”. 

لەو راپۆرتەدا کە لە میدیا جیهانییەکان بڵاوبووەتەوە باسی ئەوەکراوە کە دوو هەفتە لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەستی بە هاوردەکردنی نەوتی کوردستان کردووە بۆ وڵاتەکەی. هەروەها کاربەدەستێکی وەزارەتی نەوتی عێراقیش رایگەیاندووە: “ئەگەر ئەو زانیارییانە راست بن، دەرهاویشتەی خراپی دەبێت”. عێراق یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبییانەی بڕیاریداوە نەوت بە ئیسرائیل نەفرۆشێت، بۆیە کاربەدەستەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتوویەتی: “ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر مەترسیدارە. ئێمە بەردەوام هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردووەتەوە کە چیدیکە نەوتی عێراق بە بارهەڵگر و بە قاچاخی نەنێرێتە تورکیا. ئەگەر ئەمەش راست بێت و نەوتیان بە ئیسرائیل فرۆشتبێت، زیادەڕەوییەکی زۆر گەورەیان کردووە”. 

بەپێی راپۆرتەکە نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیاوە لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی پاوەر ترانس دەفرۆشرێت و بەشی زۆری هەناردە دەکرێت بۆ کەناراوی تریێستە لە ئیتاڵیا. لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا و ئەمریکای لاتین. ئەو نەوتەش کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆیشتووە، بەپێی راپۆرتەکە، لە کێڵگەکانی شێخان دەردەهێندرێت و بەرەو شاری هۆوستن لە ئەمریکا رۆیشتووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو کۆمپانیایەی نەوتی کوردستانی لە کۆمپانیای پاوەر ترانسی تورکی کڕیوە ناوی پاز ئۆیل کۆمپانییە. بەڵام گوتەبێژی کۆمپانیای پاز ئۆیل رەتیکردووەتەوە کە ئەو زانیارییانە راست بن  و نەوتی کوردستان هاتبێتە ئیسرائیل. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە