نەوتی زیاتر لە بلۆكی هەولێر دۆزرایەوە

10-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
وێنە: وەرگیراوە
وێنە: وەرگیراوە
نیشانەکردن نەوت
A+ A-
رووداو-Korea Times

لە بلۆكی هەولێر رێژەیەكی زۆرتر نەوت دەدۆزرێتەوە، كە یەدەگی نەوتی خاوی ئەو بلۆكە زیاددەكات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كۆریای باشوور قازانجداربوونی ئەو كێڵگەیە رابگەیەنێت.

هەردوو كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كۆریای باشو‌ور ناسراو بە KNOC و كۆمپانیای سویسری ئۆریكس كە كۆمپانیای سەركارن، دۆزینەوەی نەوتی زیاتریان لە بلۆكی هەولێر راگەیاند، كە مەزەندەكراوە ئەو كێڵگەیە 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی لە خۆی گرتبێ.

كۆمپانیای KNOC لە بلۆكی هەولێر خاوەنی لەسەدا 15ی پشكەكانە، هاوكات كۆمپانیای ئۆریكس خاوەنی لەسەدا 60 و  حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەدا 20ی پشكەكانی بەردەكەوێت.

لی سونگ كووك، سەرۆكی بەشی عێراقی كۆمپانیای KNOC كە ئێستا نووسینگەكەی لە دوبەیە، رایگەیاندووە پاش هەڵسەنگاندنی ئەو كێڵگەیەو دامەزراندنی كەرەستەكانی بەرهەمهێنان، لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2014 رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.

هاوكات لەگەڵ بلۆكی هەولێر، KNOC بەشدارە لە گەڕان بەدوای نەوتدا لە كێڵگەكانی سەنگاو و بازیان.

لە مانگی ئاداری 2012، كۆمپانیای سەركاری بلۆكی هەولێر نەوت‌و گازی دۆزییەوە، لەو كاتەوە پەرەپێدانی ئەو كێڵگەیە بە هەڵكەندنی بیری زیاتر بەردەوامەو بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی كۆریای باشوور ناسراو بە یۆنهاپ رێژەیەكی بەرچاوی نەوت و گازی سرووشتی دۆزراوەتەوە.


ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە و بەو پێیە لەسەدا 30ی كۆی گشتیی نەوتی عێراق لەخۆدەگرێت، ئەو رێژەیەش دەتوانێت پێویستی كۆریای باشوور بە نەوتی خاو بۆ ماەی 50 ساڵ دابین بكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە