سەفین دزەیی: بۆ دەستکاریکردنی مووچە کار لەسەر چەند سیناریۆیەک دەکرێت

06-08-2017
سیامەند کەریم
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن مووچە
A+ A-

رووداو- هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی چەند سیناریۆیەک دەکات بۆ دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە و رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بە مەبەستی ئەوەی گوزەرانی خەڵک باشتر بێت".


سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەستکاریکردنی پاشەکەوتی مووچە دەمێکە کاری لەسەر دەکرێت، وەزارەتی دارایی و لیژنەی تایبەت ئێستا کار لەسەر چەند سیناریۆیەک دەکەن لەسەر بنەمای داهات و زیادبوونی داهات، دواتر ئەو سیناریۆیانە لەگەڵ لیژنەی تایبەت لە ئەنجوومەنی باڵای قەیران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەگەری کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ لەکاتی ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری کوردستان رایگەیاند: "واقعی کوردستان لەڕوی جوگرافی و ئابوورییەوە دیارە ، گشتپرسی خواستی خەڵکی کوردستانە ، ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان بڕیاری بەڵێی دا لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بێگومان لەدایکبوونی نەتەوە بەبێ ئازار نابێت و پێویستە قوربانیشی بۆ بدرێت ، راستە خەڵکی کوردستان قوربانی زۆریان داوە بەڵام رەنگە لە داهاتوو پێویست بکات پشوودرێژییان زیاتر بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بە مەبەستی ئەوەی گوزەرانی خەڵک باشتر بێت و ئەو پێشهاتە نەخوازراوانە کەمتر کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵک هەبێت".

بڕیارە دوو مانگی دیكە دەستكاریی سیستەمی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بكرێت و بەپێی سیستەمە نوێیەکە هەر مووچەخۆرێك نزیكەی 70%ی مووچەی جارانی وەربگرێت.

چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی رووداو) وردەكاریی سیستەمی نوێی مووچەی لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت كە جێگری سەرۆكی حیزبەكەتانە، هیچ زانیاری لەبارەی ئەو سیستەمە تازەیەی مووچە بە ئێوە داوە؟ ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتبووە نێو قەیرانێكی دارایی، ئێستا دۆخەكە باشتر بووە، ئەوپەڕی دوو مانگی دیكەیە سیستەمی نوێی مووچە جێبەجێ‌ دەكرێ‌ كە لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی دەبێت لەگەڵ هەژماركردنی بڕوانامە، خزمەت و خێزان و چەند پێوەرێكی دیكە و ئەو پاشەكەوتە نامێنێ".

گوتیشی: "ئێستا خەڵك رێژەی 25% و 30%ی مووچەكەی وەردەگرێت، ئەوكات هیچ فەرمانبەر و مووچەخۆرێك لە 70%ی مووچەكەی كەمتر وەرناگرێت. راستە ناگاتەوە مووچەی پێشوو، بەڵام لەو دۆخە گۆڕانكاریی زۆر باش لە بژێویی خەڵك دەكات. بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە سەركەوتوو بێت و كەس دژی نەبێت، گرنگە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، ئەوانیش بەشداربن".

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە