پەرلەمانی عێراق میوانداری لیژنەیەكی كوردستان دەكات

05-03-2015
كارزان حەمید
نیشانەکردن عێراق
A+ A-

رووداو -هەولێر
 
لیژنەی نەوت‌ و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، كە لیژنەكەیان داوای لە دەستەی سەرۆكایەتیی كردووە بۆ میوانداریكردنی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی دوایین پێشهاتەكانی رێككەوتننامە نەوتییە واژۆكراوەكەی هەولێر و بەغدا تاوتوێ بكەن".


عەواد عەوادی، پەرلەمانتاری عێراق ‌و ئەندامی ئەو لیژنەیە رایگەیاند:" داواكەیان لەوە پێكهاتووە كە نوێنەرانی هەردوو حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستان‌و ئەندامانی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بۆ ئەوەی چاودێری بڕیارەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتننامە هاوبەشەكەی هەردوو حكومەت بكەین كە باس لەهەناردەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی كردووە لەرۆژێكدا".

بەپێی گوتەی عەوادی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو رێگرییانە دەكرێت كە هاتوونەتە بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها گفتوگۆ  لەبارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەكرێت.

هاوكات دڵشاد شەعبان، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" پێشتر لیژنەی نەوت ‌و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، بۆیە ئێمەش داوەتنامەی ئەوان قبووڵ دەکەین ئەگەر بە فەرمی بانگهێشتمان بکەن".

دڵشاد شەعبان گوتیشی:" لەبەرئەوەی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا سیاسییە، بە ئێمە چارەسەر نابێت و تاکە رێگاش بۆ گەیشتن بە بنبەستی ئاریشەکان ئەوەیە، کە لیژنەیەکی هەماهەنگی کوردی بە یەکدەنگ بچێتە بەغداو لەگەڵ لایەنە شیعییەکان دانوستاندن بکات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە