رووداو- كەركووك
دوو بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە لە کەرکووک تەقێندرانەوە، پۆلیس دەڵێت دوو بیرە نەوتی دیکەش لە هەمان كێڵگە بۆمبڕێژکراون.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 02:40 خولەكی شەوی رابردوو دوو بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە لە نزیک گوندی کەتاحییە تەقێندراونەتەوە".
هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیسی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت، بیرە نەوتەکانی کێڵگەی خەبازە بۆمبڕێژکرابوون، ئاماژەی بەوەش كرد دوو بیرە نەوتی دیکەش لە هەمان كێڵگە بۆمبڕێژکراون.
لەبارەی بۆمبە چێندراوەكان عەمید سەرحەد قادر دەڵێت تیمەکانی پۆلیس لە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی بۆمبەكاندان و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە.
کێڵگەی خەبازە لە 41 بیرە نەوت پێکدێت و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای كەركووك، ئەمنییەتی ئەو کێڵگانە بە پۆلیسی نەوتی باكووری سەر بە حكومەتی ناوەند سپێردراوە، پاش هێرشەکانی داعش لە 31-1-2015، كێڵگەی نەوتی خەبازە لەكاركەوت و زیانی زۆری پێگەیشت، چونکە داعش 3 بیری ئەو كێڵگەیەی تەقاندنەوە.
ئێوارەی رۆژی 6ی نیسانی ئەمساڵ بیری ژمارە شەش كە یەكێكە لە 41 بیرە نەوتەكەی كێڵگەی نەوتی خەبازەی باشووری رۆژئاوای كەركووك و لەژێر كۆنترۆڵی پۆلیسی نەوتی باكووری سەر بە حكومەتی ناوەندە، تەقێنرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ