لێدوانی 9 وەزیری كوردستان لەبارەی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی زەوی

02-05-2016
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن دابەشكردنی زەوی
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی زەوی دەكات ‌و وەزیری شارەوانیش رایدەگەیێنێ، هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەكار بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی.

نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، تەوەرێكی كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 2-5-2016 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر كرێنشیناندا. گوتیشی "بەرنامەیەكی باشمان بۆ چۆنیەتی دابەشكردنەوەی زەوی ئامادەكردووە، بەهیوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەرببڕێ‌، چونكە بە سەدان هەزار كرێنشین چاوەڕێی دابەشكردنەوەی زەوین". 

نەورۆز مولوود ئەوەشی نەشاردەوە دەگونجێ‌ هەندێ‌ لە وەزیرەكان لەگەڵ پڕۆسەی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی زەوی نەبن، بەڵام وەك خۆی گوتی "بەو بەرنامەی ئامادەمان كردووە هەوڵدەدەین بڕوا بە هەمووان بێنین دابەشكردنەوەی زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەم قۆناخە زۆر پێویستە".

دوای كەمپینی (رەنجی شەهیدان) لەسەر داواكاری كرێنشینانی كوردستان، بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) ی (رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو) چەند بەرنامەیەكی تایبەتكرد بە دابەشكردنەوەی زەوی، سەرباری ئەوە (تۆڕی میدیایی رووداو) ‌و  رەنج سەنگاوی، پێشكەشكاری بەرنامەی لەگەڵ رەنج ماوەی 5 مانگە سەرقاڵی  لۆبیكردنن ‌و لەگەڵ زۆربەی وەزیرەكان ‌و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ‌و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە قسەیان كردووە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی زەوی. 

رەنج سەنگاوی دەڵێت "لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر كرێنشینان تەنانەت قسەم لەگەڵ نێچرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە ‌و ئەویش بە زارەكی بەڵێنی پێدوم لەگەڵ دابەشكردنی زەوی دایە، پێشیگوتم ئەگەر باری دارای حكومەت باش بێت هەوڵی دابینكردنی قەرزی خانووبەرەش دەدات تاوەكو كرێنشینان خانوو لەسەر زەوییەكانیش بكەن".

سەنگاوی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیارییەكانی دابەشكردنی زەوی دووم بابەتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەبێت. گوتیشی "چاوەڕێی هەواڵی خۆشین لەوبارەیەوە".

رووداو لەبارەی پرسەكە بۆچوونی ژمارەیەك وەزیری وەرگرت. عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت ئەگەر دابەشكردنەكە لە زەوی كشتوكاڵی نەبێت، ئەوا بەتەواوەتی پشتگیری دەكات، هەر وەك خۆی بۆ رووداو ‌و دواو گوتی "زەوی بەردەڵان زۆرە ‌و دەكرێت حكومەت بۆ دابەشكردنی زەوەی نیشتەجێبوون پشتی پێببەستێ‌، ئەگەر بەوجۆرە بێت، بەتەواوەتی پشتگیری دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون دەكەم".

د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە ‌و ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەوەكالەت بە (رووداو)ی گوت، پشتگیری دابەشكردنەوەی زەوی نیشتەجێبوون دەكات، بەمەرجی ئەوەی بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون بێت، هەریەك لە مەحموود ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ‌و د.رێكەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی ‌و ئەنوەر حاجی عوسمان، بریكاری وەزیری پێشمەرگە، لەكاتی قسەكردنیان بۆ (رووداو) ئەوەیان خستەڕوو، بەتەواوی پشتگیری پڕۆسەی دابەشكردنەوەی زەوی دەكەن.

ئەوان جەختیان لەوە كردەوە، دابەشكردنی زەوی بەسەر كرێنشیناندا پێداویستییەكی ئەم قۆناخەیە، بەڵام هەریەك لە سینان چەلەبی، وەزیری داد ‌و  د. نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بە (رووداو) یان راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە