قوباد تاڵەبانی: بەغدا رێگرە لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان

01-12-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی
A+ A-

رووداو- لەندەن

لە کۆنگرەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ئەنجامدانی ریفۆرمی ئابووری لە هەرێمی کوردستانی بە پێویست زانی، هاوکات رەخنەی تووندی لە حکومەتی عێراق گرت بەوەی کە "رێگرە لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا سەرەتا بەوە دەستیپێکرد کە خۆزگەی خواست لە شوێنی ئاوەهادا و لە وتارەکەیدا بیوتایە هەموو شتێک باشە بەڵام وەک خۆی وتی" کوردستان لەبەردەم چەندین قەیرانی گەورەدایە".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئێستا کوردستان بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ ئەو کەسانەی لە شوێنانی دیکە تووندوتیژییان لەبەرامبەردا دەکرێت بەهۆی ناسنامەکەیانەوە، بەڵام لە کوردستان بە ئارامی دەژین و هیچ کەسێک رق و کینەیان بەرامبەر پیشان نادات".

سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانیش قوباد تاڵەبانی گوتی:" ئێمە دەتوانین لە کوردستان بەرێگایەکی مەدەنی و دیموکراتیانە بەسەر تەحەددا سیاسییەکاندا زاڵ ببین".

لەبارەی عێراقیشەوە جێگری سەرۆکوەزیران رەخنەی تووندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد و گوتی" بەغدا بەردەوامە لە ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هیچ بژاردەیەکیان نەهێشتووەتەوە جگە لەو رێگایەی ئێستا دەڕۆین".

سەبارەت بە پرسی نەوت لە هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی:" ئێستا نەوتی کوردستان بەشێویەکی یاسایی رێگای خۆی لە بازاڕەکانی جیهان دۆزیوەتەوە".

جێگری سەرۆکوەزیران لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی:" کوردستان بە درێژایی مێژوو کێشەی زۆر لەمانە گەورەتری هاتووەتە پێش، ئێستا هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لەوەی یەکگرتوو بین بەرەو سەرکەوتن".

رۆژی دووشەممە 30-11-2015 پێنجەمین کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە لەندەن دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت.

کۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان گەورەترین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتییە کە لەسەر کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.


چەندین وۆرکشۆپ لەو کۆنفرانسەدا بەڕێوە دەچێت، یەکەم وۆرکشۆپ لەسەر خزمەتگوزاری نەوتییە لە کێڵگەکان و وۆرکشۆپی دووەمیش لەسەر لایەنە یاساییەکانی کارکردنە لە بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە