تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی 17-4-2019 وتارێکی د.نەزەند بەگیخانی لەبارەی مێژووی سەنتەرەکانی جێندەر لە کوردستان لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە سەنتەری جێندەر و گەشەپێدانی زانکۆی ئەمریکی عێراق لە سلێمانی دەکرێت.
سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان وەڵامی د. نەزەند بەگیخانی داوەتەوە و لە روونکردنەوەیەکدا هەندێک زانیاریی وتارەکە رەتدەکاتە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە رۆژی 17ـی نیسانی 2019، د. نەزەند بەگیخانی لە وتارێکدا بە ناونیشانی "چەند راستییەك دەربارەی مێژووی سەنتەرەکانی جێندەر لە كوردستان" کە لە ھەفتەنامەی رووداودا بڵاوكرایەوە چەند بانگەشەیەکی ناڕاستی کردووە. بۆ راستكردنەوەی بابەتەكە و لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوە، داواكارین لە رووداو ئەم روونکردنەوەیە لە ھەمان شوێنی وتارەكەی د. نەزەند بڵاوبكاتەوه.
لە وتارەكەدا بانگەشەی ئەوە کراوە؛ گوایە سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان لە ئەنجامی پرۆپۆزەڵێکی د. نەزەندەوە بۆ د. بەرھەم ساڵح، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانكۆی ئەمریكی لە عێراق - سلێمانی، دامەزرێندراوه. ئەم بانگەشەیە ناڕاستە. ئەوە راستە كە د. نەزەند پرۆپۆزەلێکی راوێژکارانەی پێشکەش كردبوو، کە نێردرا بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ و د. چۆمان ھەردی، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانكۆی ئەمریكی، بەڵام پرۆپۆزەڵەکەی رەتكرایەوه، چونکە لەو کاتەدا کار بۆ دامەزراندنی سەنتەری جێندەر دەستیپێکردبوو و، زانکۆکەشمان گرفتی نەبوونی پسپۆریی لەم بوارەدا نەبوو.
د. چۆمان کە ماوەی ساڵێک بوو لە زانکۆی ئەمریکی وانەی جێندەری دەگوتەوە، لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی دەکرد و راھێنانی پێشکەشدەکرد، خەریکی دامەزراندنی سەنتەرەکە بوو. بەدەستپێشخەریی و سەرپەرشتیاریێتی د. چۆمان، زانكۆ لەم کاتەدا سەرقاڵی تەواوکردنی پرۆسەی دامەزراندنی سەنتەرەکەی بوو.
سەنتەرەکەمان شانازی بەوەوە دەکات: پاش ھەوڵ و کۆششێکی زۆر و ھاوکاریی سەرۆکایەتی زانکۆ، لە ساڵی 2017ـدا بۆ یەکەمجار لە ھەرێمی کوردستان و عێراق توانرا وانەی جێندەر وەکو ماددەی لاوەکی فرەپسپۆڕی (minor interdisciplinary) بخاتە پرۆگرامی خوێندنی ئەکادیمییەوە. ئەم ماددەیەش لە ھەشت وانە پێکھاتووە و لە بەشەکانی ئەدەبی ئینگلیزی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بیرکاری و زانست دەگوترێتەوە.
لە وتارەكەدا بانگەشەی ئەوەش کراوە: گوایە لە ساڵی 2018 دا، لە ئەنجامی دەستتێوەردانی د. بەرھەم ساڵحەوە سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان توانیوێتی (فەندێک) پشتیوانی دارایی بۆ خوێندنی جێندەر لە زانکۆکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوه بەدەستبێنێت. ئەم بانگەشەیەش دوورە لە راستییەوە. بەدەستھێنانی ئەم پشتیوانییە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەبۆنەی شایستەیی و لە دەرئەنجامی پرۆسەیەكی دوورودرێژ و ئاڵۆزی نووسینەوەی پرۆپۆزەڵ بوو، كە تیمی سەنتەرەكە بۆ ماوەی چەندین مانگ كاریان لەسەر كرد. ھەروەھا ھێماکردنی د. نەزەند بەوەی کە دەکرێت بڕیاری بەرپرسانی فەند لە یەکێتی ئەوروپا، بە ھەر ھۆکارێک بێت لە دەرەوەی داواکاری نووسراوەوە بگۆڕدرێت، نەک ھەر بێڕێزییە بەرامبەر تیمەکەی ئێمە، بەڵکوو بێڕێزیشە بەرامبەر بەو پرۆسەی فەند-وەرگرتنە پیشەییەی کە یەکێتی ئەورووپا شانازی پێوەدەکات.
سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان تیمێكی تەرخانكراوی ھەیە بۆ نووسینی پرۆپۆزەڵ، کە لە بەدەستھێنانی چەندین پشتیوانی داراییدا سەرکەوتوو بووه، لە وێنەی بەخشینی تایبەت و فەندی دامەزراوەیی و حکومی. لە داھاتوویەکی نزیکدا سەرکەوتنێکی دیکەی ئەم تیمە کە بەدەستھێنانی پشتیوانییەکی دارایی گەورەترە، رادەگەیەنرێت. سەركەوتنی سەنتەرەکەمان لە بەدەستھێنانی فەنددا لە ئەنجامی خۆتەرخانكردنی تیمێكی بچووكی پسپۆڕ و گرووپێکی خۆبەخشەوەیە كە لەگەڵ کۆمەڵگە، لەناو کۆمەڵگەوە و بۆ كۆمەڵگە کاردەکەن.
تیمەكە كات و توانای پێویست تەرخاندەكات بۆ ئەوەی ئەم کار و چالاکییانە سەرکەوتوو بن. بەداخەوه، ئەمجۆره لێدوانانەی وەك لە وتارەکەی د. نەزەنددا ھاتوون زیان بەو ھەوڵە ھەرەوەزیی و رەوایانە دەگەیەنن كە سوودی كۆمەڵگەیان تێدایە. ئێمە وەکو سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان پشتگیریی سەرجەم کەرتەکانی کۆمەڵگە دەكەین کە کار بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتن، مەعریفە، توانا و سیاسەتە جێندەرییەکان دەکەن. کاری پێکەوەیی بنەمایەکی جەوھەرییە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە گەورەکەی یەکسانی جێندەریی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ