ئەنبار لە لێواری کەوتندایە

15-10-2014
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن ئەنبار
A+ A-

رووداو- ئەنبار

پەرلەمانتارێکی سوننە ھۆشداری کەوتنی تەواوی پارێزگای ئەنبار بە دەستی چەکدارانی داعش دەدات، بۆ تاوتوێكردنی ئەم رەوشەش ئێستا کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لە ماڵی سەلیم جبووری بەڕێوەدەچێت.

نوورە حەماد، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی ھێزە نیشتمانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" پارێزگاری ئەنبار لە ژێر مەترسی کەوتنەدەست چەکدارانی داعشدایە، ئەمەش بە ھۆی کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکرد کە ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ماڵی سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار و فەرماندەی پۆلیسی ئەو پارێزگایە بە وەکالەت بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی و مەترسی کەوتنی ئەنبار بە دەستی چەکدارانی داعش بەڕێوەدەچێت، بەپێی زانیارییەكانی رووداويش كۆبوونەوەكە تاوەكو دوای 12ی شەو بەردەوام دەبێت.

نوورە حەماد گوتی:" ئەگەر بارودۆخی ئەنبار و گەمارۆدانی شاری روومادی بەردەوام بێت ئەوا لە چەند رۆژی داھاتوودا تەواوی پارێزگاکە لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و بنکەو بارەگای ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراقیش یەک لە دوای یەک دەکەونە دەست داعش، ئەمەش وایکردووە چەکی قورس و پێشکەتوو و چەکی سووکی زۆریان بکەوێتەدەست و پێشڕەوی زیاتر لە ئەنبار بکەن".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە کە پارێزگاری ئەنبار و ئەنجوومەنی پارێزگاو بەرپرسانی عەسکەری و کەسایەتی عەشایر چەندینجار بە فەرمی داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ ناردنی چەک و تەقەمی و ھێزی سەربازی، بەڵام حکومەتی بەغدا بێ دەنگ بووە لە ئاست ئەو بانگەوازە. نوورە حکومەتی عێراقیشی تۆمەتبارکرد بەوەی لە یارمەتیدانیی سەربازی و پڕچەککردنی یەکە سەربازییەکان جیاوازی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە