رووداو- سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8/4/2019 لە هەولێر، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی، رێككەوتننامەی دووەمی نێوان ئەو دوو حیزبە بۆ دیاریكردنی بەركەوتەی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت واژۆ بكرێت. دوای ئەو كۆبوونەوەیە، یەكێتی بە كردەیی دەست بە یەكلاكردنەوەی ناوی بەربژێرەكانی دەكات بۆ پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و وەزارەتەكان.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "میكانیزمی یەكلاكردنەوەی وەزیرەكان و پۆستەكانی خوارەوە جیاوازن، وەزیرەكان هەوڵ دەدرێ بە رێگای سازان یەكلایی بكرێنەوە، ئەگەر نەسازاین، بێگومان پەنا بۆ دەنگدانی سەركردایەتی دەبردرێ، بەڵام پێموایە هەر دەبێت بە سازان ئەوە بكرێ و گفتوگۆ و پەیوەندیش بۆ ئەو مەبەستە چەند رۆژێكە هەیە".
بەربژێرەكانی یەكێتی
لە نێو باڵە جیاوازەكانی یەكێتیدا هێشتا كۆدەنگی و هاوڕایی دروستنەبووە لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) سەرجەم باڵەكانی یەكێتی هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت وەزیرەكانیان و ئەوانەی دەچنە پۆستە باڵاكانەوە، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بن بۆ ئەوەی تیمێكی بەهێزیان هەبێت لە حكومەت.
پۆستەكانی یەكێتی بریتین لە سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت، جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم، وەزارەتی پلاندانان، كشتوكاڵ، خوێندنی باڵا، رۆشنبیری، پێشمەرگە، وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە(رووداو)ی گوت: "رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی بۆ سەرۆكی پەرلەمان ناویان هەیە، و هەریەك لە قوباد تاڵەبانی و عومەر فەتاح، شێخ جەعفەر، مەحموود سەنگاوی، مستەفا چاوڕەش و جەبار یاوەر، سەعدی ئەحمەد پیرە و ئاسۆس عەلی، حەمەی حەمە سەعید و دەرباز كۆسرەتیش ناویان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەو وەزارەتانەی بەر یەکێتی دەکەون لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بەڵام عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیدەكاتەوە هیچ ناوێك بۆ هیچ پۆستێك یەكلایی بووبێتەوە و دەڵێ "دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی، كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەكەین بۆ ناوی بەربژێرەكانمان". ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی دانوستاندنكاری یەكێتیشە، بە (رووداو)ی گوت "لەو كۆبوونەوەیە پێوەرەكان دیاری دەكەین، بەڵام تەنیا پۆستە باڵاكان و وەزیرەكان لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باس دەكرێن و پۆستەكانی دیكە بە پێوەری دیكەیە و كۆبوونەوەی بۆ ناكرێت" بەبڕوای عیماد ئەحمەد، یەكلاكردنەوەی بەربژێرەكان "قورس نییە، بەڵام ئاسانیش نییە".
(رووداو) زانیویەتی كە یەكێتی هیچ وەزیرێكی ژنی نییە لە نێو تیمە وەزارییەكەیدا، بەڵام هەردوو بەربژێرەكەی بۆ سەرۆكی پەرلەمان ژنن.
رێكخەر قسەی كۆتایی دەكات
هەر دوای واژۆكردنی رێككەوتننامەكەی 18ی شوباتی ئەمساڵ لەگەڵ پارتی، سیڤییەكان بە لێشاو روویانكردە گردی زەرگەتە لە سلێمانی، تا ئێستا پتر لە 500 سیڤی پێشكەشكراون بۆ وەرگرتنی پۆستی حكومی. ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "هەر لەسەرەتای خۆئامادەكردنی گۆڕان بۆ حكومەت ئەوە بڕێندرابووەوە كە پۆستە باڵاكان و وەزیرەكان بە سیڤی پڕناكرێنەوە و گۆڕان كەسانی بەهێزی نێو بزووتنەوەكە دەنێرێت. بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزارەتەكان سیڤی پێڕەو دەكرێت، بەڵام بە مەرج".
بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەكانی: جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، پیشەسازی و ئاوەدانكردنەوەی وەرگرتووە. كوێستان محەممەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە هاوكات یەكێكە لە بەربژێرەكانی بزووتنەوەكە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێ ئەو كەسانەی پۆست لە نێو بزووتنەوەی گۆڕان وەردەگرن دەبێت فۆرمێك پڕ بكەنەوە "ئەو فۆرمە بۆ ئەوەیە كە جگە لە دڵسۆزییان بۆ باش بەڕێوەبردنی ئەركەكانیان، پەیوەست بن بە بەرنامەی گۆڕانەوە بۆ چاكسازی و رۆڵی باش ببینن لە ئەركەكانیاندا".
بەترسەوە سەیركردنی بزووتنەوەكە لەوانەی دەیاننێرێتە نێو حكومەت، زۆرتر پەیوەندی بە چەند كەسێكی نێو بزووتنەوەكەوە هەبوو لە حكومەت و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی بەغدا و كوردستان كە دواتر لە بزووتنەوەكە دووركەوتنەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، دەڵێ: "پێموایە گۆڕان ناوی بەشێك لە بەربژێرەكانی بۆ پۆستە باڵاكان داوەتە پارتی، ئەوانیش مستەفا سەید قادر، جەلال جەوهەر و، كوێستان محەممەدە، بەڵام هێشتا ناوی دیكە ماون گۆڕان یەكلاییان بكاتەوە، رێكخەری گشتی ناوەكان یەكلا دەكاتەوە، بەڵام پۆستەكانی دیكە لە نێو سیڤییەكان دیاریی دەكرێن".
سوپرایزەكانی پارتی
لەوەتەی دەست بە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت كراوە، بەردەوام باسی بەربژێرەكانی یەكێتی و گۆڕان دەكرێت، بەڵام جگە لە بەربژێرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت، هێشتا روون نییە بەربژێرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كێن.
نووری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی رەتیدەكاتەوە دیاریكردنی بەربژێرەكانی حكومەت ببنە گرفت بۆ پارتی "جیاوازیی ئێمە لەگەڵ هەر حیزبێكی دیكە ئەوەیە، بەهۆی مەركەزییەتی ناو حیزب و كۆدەنگیی سەركردایەتی لەسەر بڕیارەكان، پرسەكان بە ئاسانی یەكلادەكرێنەوە". ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی باسی میكانیزمی ئامادەكردنی لیستی بەربژێرەكانی حیزبەكەی دەكات و دەڵێ: "بەشێك لە پۆستەكان لەلایەن مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی سەرۆكەوە بە راوێژ دیاری دەكرێن و بەشێكیشیان بە كۆبوونەوەی سەركردایەتی، ژمارەیەك سیڤی پێشكەشكراون و پارتی دەیەوێت خەڵكی نوێ بێنە پێشەوە كە بتوانن خزمەت بكەن و سیاسەتی كوردستانێكی بەهێز لە ناو حكومەت جێبەجێ بكەن".
(رووداو) لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری نێو پارتییەوە زانیویەتی، بەشێكی زۆر لە وەزیرەكانی پارتی هێشتا یەكلایی نەبوونەتەوە "بەڵام ناوی چەند کەسێک دەهێندرێت وەک د.محەممەد شوكری، رێبەر ئەحمەد، فرسەت سۆفی، نەوزاد هادی، نەزهەت حالی بۆ پۆستە وزاری و پۆستەکانی دیکە. هەروەها ژنێكیش دەكرێتە وەزیر، بەڵام هێشتا روون نییە بۆ چ وەزارەتێكە".
(رووداو) لە بەرپرسانی پارتییەوە ئەوەشی زانیوە كە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
پۆستەكانی پارتی، جگە لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هەریەكە لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، كارەبا، داد، سامانە سرووشتییەكان، پەروەردە، تەندروستی و ئەوقاف، گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەن.
بەرپرسێكی پارتی پێشبینی دەكات تا كۆتایی مانگی نیسان، یان سەرەتای ئایاری داهاتوو كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكار ببێت "چونكە گرێی ناكۆكییەكان كراونەتەوە و ماوەتەوە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند بكرێت و سەرۆكی حكومەت رابسپێردرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ