رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا تەنیا ناسنامەی دوو لەو کەسانە ئاشکرابوون کە لە بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندێکی سنووری ئاگجەلەر گیانیان لەدەستدا، ئەو دوو کەسەی کە ناسراون، زاوا و خەزوور و ئامۆزای یەکدین. خەزوور، ئارام کاکەخانە، موختاری گوندەکەیە و حەوت منداڵی هەیە. زاوا ئیسماعیل ئیبراهیمە، دوو هاوژین و هەشت منداڵی هەیە.
دلێر عومەر، ئامۆزای ئەو دوو کەسە دەڵێت، "کە دەنگی فڕۆکە هات، پەیوەندییان کرد گوتیان ئارام و ئیسماعیل پێوەبوون، ئێمەش کە هاتین ئێرە چۆڵبوو، تەنیا ئۆتۆمبێلەکەمان بینی کە دووکەڵی لێ بەرزدەبووەوە و دەسووتا. ئێمەش زۆر نەوەستاین، ترساین دووبارە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان بکاتەوە، بەڵام تەرمەکانیان برد بۆ سلێمانی و چەمچەماڵ."
جەواد رەسول، خەڵکی گوندی جەلەمۆردە و گوتی، "لەڕووی دەروونییەوە خەڵکی گوندەکان بەتایبەت گوندی تووتەقەڵ سەردەمی ئەنفالیان بیرهاتووەتەوە، ئێستا لەناو گوندەکە ژن و منداڵ و خەڵک ناتوانن لە ماڵ بێنە دەرەوە، چونکە لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردان."
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، تەرمی هەموویان بردراون بۆ دادپزیشکی سلێمانی، بەڵام تەرمی دووانیان بەتەواوی سووتاون.
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر ئاماژەی بەوە کرد، "بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا لە زۆر شوێن هەن، وەکو گوندنشینان باسی دەکەن، لەم ناوچەیە بارەگایان هەیە و ئەم تەرمانەش ناسنامەیان دیارنییە، بەڵام وەکو باس دەکەن سیانیان گەریلای پەکەکەن. داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵادا بتوانێت بەرگری لە خاکەکەی بکات و ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ."
تەرمی ئەو دووکەسەی کە ناسنامەکانیان ئاشکرابوون و خەڵکی ناوچەکە بوون، برانەوە بۆ زێدی خۆیان و بەخاکسپێردران، تەرمی ئەوانی دیکەش هێشتا لە دادپزیشکی سلێمانی ماونەتەوە.


