رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ عێراق واژۆ کرد و جەختیشی لە پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هێرشە دەرەکییەکان کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیاندا جەختیان لە پاراستنی هەموو ناوچەکانی عێراق، لەنێویاندا هەرێمی کورستان لە هەر هەڕەشەیەک کردووەتەوە.
هەروەها باسیان لە هاریکارییە ئەمنییەکان و هەوڵە هاوبەشەکانیان کردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چارەنووسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
سوودانی و ئۆستن باسیشیان لە چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان و گەڕاندنەوەی چەکدارە عێراقییەکان و کەسوکاریان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ عێراق کردووە. سوودانی جەختی لە گەڕاندنەوەی سەرجەم هاووڵاتییە عێراقییەکان لەو کەمپانە کردووەتەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق، لەنێوانیاندا پێشمەرگە بوو، هەردوولا رازی بوون لەسەر واژۆکردنی گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق.
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا هاتووە، کە هەردوولا گفتوکۆیان دەربارەی هەوڵەکانی بۆ بە بەسەردەمیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باس لێوە دەکات، "وەزیری بەرگریی ئەمریکا و سوودانی باسییان لە ئەم و ئاسایشی ناوچەکانی تەواوی عێراق لەنێویاندا هەرێمی کوردستان کردووەتەوە".
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و بەپێی بڵاوکراوەی ئەجێندای شاندە عێراقییەکە، شاندە باڵاکەی عێراق کە لە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو 19ـی نیسان لە ئەمریکا دەبن و دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ