2024؛ ئەو ساڵەی مرۆڤ سڵاوێک لە خۆر دەکات

31-12-2023
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ساڵی 2024 چەندین چرکەساتی مێژوویی لە بواری گەردوونناسی تێدایە، یەکێک لەوانە نزیکبوونەوەی ئامێرێکی مرۆڤەکانە لە خۆر.
 
چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژی 24-12-2024، کەشتی گەڕیدەی ناسا کە بە Parker ناسراوە، بە تەنیشت خۆرەکەی ناوچەی خۆمان لە گەردوون تێپەڕێت.
 
ئەوە هەروا تێپەڕینێکی ئاسایی نییە، یەکەمجارە ئامێرێکی ئێمەی مرۆڤ بەو خێراییە و بەو نزیکییە بگاتە دەوروبەری خۆر.
 
بەپێی خەمڵاندنەکان، خێرایی کەشتی گەڕیدەی پارکەر لە کاتی تێپەڕینی بە لای خۆردا 195 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا دەبێت؛ ئەوە یانی ئامێرێک لە هەولێرەوە بە 30 چرکە بگاتە تۆکیۆ لە ژاپۆن.

 

 
هۆکاری ئەو خێراییەی ئامێرەکە هێز و کارلێکی کێشکردنی خۆرە، ئەگەرنا، مرۆڤ بەهۆی سنوورداربوونی وزەکانی سەر زەوییەوە، تا ئێستا نەیتوانیوە ئامێری هێندە خێرا دروست بکات.
 
ئاستی نزیکبوونەوەشی لە خۆر، دەگاتە 6.1 ملیۆن کیلۆمەتر؛ کە ئەوە تەنیا 4%ـی کۆی دووری زەوی و خۆرە لە یەکدی.

 

کاتێک هێندە نزیکدەبێتەوە، تینی گەرمای خۆر بە گوڕی 1400 پلەی سیلیزی دەگاتە سەر ئامێرەکە، بەڵام کەڤەرێکی پارێزەری گەرمی بە تایبەت بۆ دروستکراوە کە لەو پلەیەدا لە سووتان بیپارێزێت.
 
زانایانی پڕۆژەی پارکەر بە وردیی ئەو مەودایەیان دیاریکردووە، ئەگەر لەوە زیاتر نزیک ببێتەوە، ئامێرەکە رزگاری نابێت.

 

 
زانستکار و شەیدایانی بوارەکە چاوەڕێی ئەو ساتە مێژووییە دەکەن.
 
د. نوار راوفی، زانستکاری پرۆژەی پارکەر دەڵێت، "وەکو ئەوە وایە لەسەر ئەستێرەیەکی دیکە بنیشینەوە. ئەوە چرکەساتی سەرکەوتنە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و لێکچوونی هەیە لەگەڵ ئەوەی لە 1969 چووینە سەر مانگ".
 
پرۆژەی گەڕیدەی پارکەر لە ساڵی 2018 لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئەمریکا- ناسا بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدرا، پێنج ساڵە بەرەو خۆر دەڕوات و کەمتر لە ساڵێکی ماوە تاوەکو ئامانجەکەی بەدیبهێنێت.
 
ئامانجی پارکەر هەر لە سەرەتاوە لێکۆڵینەوە بوو لە شێوازی ئیشکردنی کۆمەڵەی خۆر، بە تایبەت خودی خۆرە زەبەلاحەکەمان.
 
زانستکاران لە کاتی تێپەڕینی ئامێرەکە بە لای خۆردا سەرجەم هاوێنە، کامێرا و هەستەوەرەکانی کارپێدەکەن و هیواخوازن یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتنی زیاتر لەبارەی سروشتی خۆرەکەمان.
 
ئامانجێکی گرنگ لە لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە، تێگەیشتنی زیاتر و وردترمان هەبێت لەبارەی بەشی دەرەوەی بەرگەهەوای خۆر کە پێی دەگوترێت کۆرۆنا.

 

 
د. نیکی فۆکس، سەرپەرشتیاری زانستییە لە پرۆژەی پارکەر، دەڵێت، "ئێمە نازانین چی دەدۆزینەوە، بەڵام بۆ شەپۆلە گەرمای جۆراوجۆری خۆر دەگەڕێین. پێموایە لەو جۆرە شەپۆلانە دەدۆزینەوە کە ساڵانێکە خەڵکی لەبارەیانەوە گفتوگۆ دەکەن".
 
پەیداکردنی زانیاری لەبارەی خۆر، سروشتەکەی و جۆری شەپۆلەکانی هاوکاریی مرۆڤەکان دەکات لە زیاتر دەستەمۆکردنی وزەکانی نێو گەردوون و بەکارهێنانەوەی لە چالاکییەکانیدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.