رووداو دیجیتاڵ
پاپا بێنێدیکتی شازدەیەم، پاپای پێشووی ڤاتیکان کە لە ساڵی 2013دا بووە یەکەمین پاپا لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکدا بەهۆی نەخۆشییەوە واز لە پاپایەتی بهێنێت، لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
رۆژی شەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، ماتیو بروونی، گوتەبێژی ڤاتیکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە خەم و پەژارەوە پێتان رادەگەیێنم کە پاپا بێنێدیکتی شازدەیەم، ئەمڕۆ کاژێر 09:34 خولەک لە کەنیسەی ماتەر ئیکلیژی لە ڤاتیکان کۆچی دواییکرد."
پاپا ئەڵمانییەکە، ناوی تەواوی جۆزێپ راتزینگەرە، لەدوای ئەوەی لە شوباتی ساڵی 2013دا دەستی لە پۆستی پاپایەتیی کاسۆلیکەکان کێشایەوە، لە نێو ڤاتیکان بەردەوامی بە ژیانی دا.
لەو کاتەوە تەندروستی تێکچووبوو، بەڵام رۆژی چوارشەممە ڤاتیکان رایگەیاند، دۆخی تەندروستییەکەی بەرەو خراپتر رۆیشتووە. پاپا فرانسیس، پاپای ئێستای ڤاتیکانیش، داوای لە کاسۆلیکەکانی جیهان کرد نزای بۆ بکەن.
گیانلەدەستدانی ئەم پاپایە کۆتایی بە دۆخێکی لەپێشینەنەهاتوو دەهێنێت، ئەوەش ئەوە بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکدا، دوو پاپا لە هەمان وڵات و سەردەمدا ژیاون.
بێنێدیکت لە 16ـی نیسانی 1927 لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا لە دایکبوو. لە تەمەنی 78 ساڵیدا و لە ساڵی 2005دا لەدوای کۆچی دوایی جۆن پۆڵی دووەم، پاپایەتیی کەنیسەی کاسۆلیکی گرتەدەست.
هەرچەندە هیچ یاسا و رێسایەک نییە لەسەر شێوازی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپای پێشوو، چاوەڕوان دەکرێت پرسەکەی لە ڤاتیکان بە ئامادەبوونی پاپا فرانسیس بەڕێوەبچێت.
لە ساڵی 2005دا کاتێک پاپا جۆن پۆڵی دووەم کۆچی دواییکرد، تەرمەکەی لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بەخاکسپێردرا و لە گۆڕەپانی سان پیتەر، یەک ملیۆن کەس ئامادەیی رێوڕەسمەکە بوون.
بێنێدیکت، لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی، لە پێش چاوی میدیاکان دەرنەکەوتووە.
لە ساڵی 2013دا پاپای ئەو کات لە تەمەنی 84 ساڵیدا رایگەیاند کە تەندروستیی جەستەیی و دەروونییەکەی تێکچووە و بڕیاریدا ببێتە یەکەمین پاپا لە ساڵی 1415ـەوە دەستبەرداری پۆستی پاپای کەنیسەی کاسۆلیک ببێت.
بێنێدیکت بەوە ناسراوبوو کە شارەزاییەکی زۆری لە ئاییندا هەیە، بەڵام پاپایەتییەکەی بە دەست شەڕی ڤاتیکان لەگەڵ ئابڕووچوونی قەشەکان لەبارەی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵان دەیناڵاند کە بووە هۆی هەژاندنی کەنیسەی کاسۆلیکی لە سەرتاسەری جیهاندا. پاپا بێنێدیکت بەوە تۆمەتباردەکرێت کە "نەیتوانیوە رێگە لە ئابڕووچوونەکانی قەشەکان بگرێت."
لە مانگی کانوونی دووەمی 2022دا کەنیسەی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکدا پاپا بێنێدیکتی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە ساڵەکانی 1980دا قەشەی میونیخ بووە و نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر لە رێگریکردن "لە ئابڕووچوونی کەنیسە" بگرێت؛ تۆمەتێک لەلایەن ڤاتیکانەوە رەتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ