هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووداو: ئەمساڵ زیاتر لە 600 ئەندامی داعشمان کوشتوون

31-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
رەیچڵ جێفکۆت، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش
رەیچڵ جێفکۆت، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش
A+ A-
رووداو - هەولێر

گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و باس لەوەش دەکات کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی هێزە هاوبەشەکان 351 ملیۆن دۆلاریان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە. 
 
30ـی کانوونی یەکەمی 2022، رەیچڵ جێفکۆت، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی هێزە هاوبەشەکان 351 ملیۆن دۆلاریان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە و ئەوەش بۆ دابینکردنی پێداویستی وەکو کەرەستەی ئەندازیاری، چەک و تەقەمەنی لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێت. 
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتیشی، راوێژکارەکانیان "لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکەن و رۆژانە راوێژیان پێدەدەن. هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رووی هەوڵگریشەوە هاوکاریی پێشمەرگە دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا."
 
جێفکۆت ئاماژەی بەوەشکرد کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر بنچینەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێشمەرگە کار دەکات و یاداشتنامەکەش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە و گوتیشی، سەرکەوتنی ئەو هەنگاوە "یارمەتی هاوئاهەنگی باشتر دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا."
 
لەبارەی توانای هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گوتی: "هاوبەشەکانمان لە عێراق و سووریا پابەندییەکی گەورەیان پیشانداوە لە بەزاندنی داعش و ئۆپەراسیۆنی خۆیان زیادکردووە،" بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی کە داعش هەموو هەلێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی جموجووڵەکانی بەردەوام بن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2022، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" راپۆرتێکی لەبارەی کۆی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە عێراق و سووریا لە ماوەی ئەمساڵدا ئەنجامیانداون.
 
وەک سێنتکۆم دەڵێت، لە ساڵی 2022دا 313 ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە، بەمشێوەیە: 
لە عێراق 191 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا 159 ئەندامی داعش دەستگیرکراون و 220 ئەندامی دیکەی داعشیش کوژراون. 
 
لە سووریا 108 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئەنجامدراون و 14 ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنانە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراون. لە ئەنجامدا 215 ئەندامی داعش دەستبەسەرکراون و 466 ئەندامی دیکەی داعش کوژراون.
 
لەو بارەیەوە، رەیچڵ جێفکۆت بە رووداوی گوت، زیاتر لە 600 ئەندامی داعش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژراون و گوتیشی، لە ساڵی 2023 دا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هاوبەشەکانیان بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر لەسەر داعش دروستبکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تاوەری ئیفل لە پاریس

سەردانیکردنی تاوەری ئیفل خەونی زۆربەی گەشتیارانە

تاوەری ئیفل، ئەو وێستگە گەشتیارییەی فەرەنسا کە ساڵانە نزیکەی 7 ملیۆن کەس سەردانی دەکەن. زۆربەی گەشتیاران تاوەکو وێنەیەک لەبەردەمیدا نەگرن و بڵاوی نەکەنەوە، سەردانەکەیان بۆ فەرەنسا بە ناتەواو هەژمار دەکەن.