رووداو – دوسلدۆرف
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان IFJی رایگەیاند كە ئەو رۆژنامەڤانانەی لەساڵی 2014دا كوژراون بە كوشتنی ئەنقەست ، هێرشی بۆمبی و شەڕ لە جیهاندا ، ژمارەیان گەیشتە 118 رۆژنامەڤان .
هەروەها IFJ رایگەیاند كە هەر لە ساڵی 2014دا 17 رۆژنامەڤانی دیكەش بە رووداوی ئاسایی لەكاتی ئەنجامدانی كارەكەیاندا ، گیانیان لەدەستداوە .
بەپێی ئەو لیستەی كە IFJ بڵاویكردووەتەوە ، پاكستان مەترسیدارترین وڵات بووە بۆ رۆژنامەڤانان كە لەپێشەوەی ئەو وڵاتانە دێت كە زۆرترین رۆژنامەڤانی تێدا كوژراوە ، بەگشتی 14 رۆژنامەڤان لە پاكستان كوژراون . ئینجا سووریا لە پلەی دووەمدا دێت كە 12 رۆژنامەڤان لەساڵی 2014دا تێیدا كوژراون .
هەروەها لە هەریەك لە ئەفغانستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی فەلەستینی 9 رۆژنامەڤانیان تێدا كوژراون ، هەروەها 8 رۆژنامەڤان لە هەریەك لە عێراق و ئۆكرانیا كوژراون .
جیم بوملحە ، سەرۆكی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەڤانان رایگەیاند " ئێستا كاتی ئەوەیە كاربكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە بێوێنەیەی كە رووبەڕووی رۆژنامەڤانان بووەتەوە".
هەروەها گوتی " هەندێ دەزگای میدیایی بەهۆی پاراستنی گیانی رۆژنامەڤانانی چیتر رۆژنامەڤانەكانی و فریلانسەریش نانێرنە ناوچە مەترسیدارەكان . بۆیەش سەرنەكەوتن لە دابینكردنی سەلامەتی رۆژنامەڤانان ، كاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر رووماڵكردنی شەڕەكان ، بەوشێوەیەش شەڕەكان و ماڵوێرانەكانیان زۆرتر دەبێت ، بەهۆی نەبوونی شایەتە بێلایەنەكان ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ