دۆناڵد ترەمپ: بایدن و هاریس وەک زبڵ مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتییان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ بە جلی پاککەرەوەی شەقامەکان دەردەکەوێت و بە جۆ بایدن دەڵێت، 250 ملیۆن ئەمریکی زبڵ نین. بە لایەنگرەکانیشی دەڵێت، بایدن و هاریس وەکو زبڵ مامەڵە لەگەڵ ئەم وڵاتە دەکەن.
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 31-10-2024 [بەکاتی هەولێر] دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە شاری گرین بێی ویلایەتی ویسکنسن بوو، کە ویلایەتێکی یەکلانەبووەوەیە و هێشتا دیار نییە بەلای کام حیزب دەشکێتەوە.
 
ترەمپ بە هێلەگێکی رەنگ پرتەقاڵی، کە تایبەتە بە پاککەرەوەکانی شەقام، دەرکەوت و گوتی "250 ملیۆن ئەمریکی زبڵ نین."
 

ئەو قسەیەی ترەمپ وەک وەڵامێک بوو بۆ لێدوانێکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە رۆژی 29-10-2024 گوتی "لە بانگەشەیەکی دۆناڵد ترەمپ، بە دوورگەی پۆرتۆ ریکۆ [کە سەر بە ئەمریکایە] دەڵێت زبڵ، تاکە زبڵ بیبینم لایەنگرەکانیەتی."

 
دوای قسەکەی بایدن، کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆک بایدن بە لایەنگرەکانی ترەمپی نەگوتووە زبڵ، بەڵکو مەبەستی یەک لایەنگر بوو کە لە بانگەشەکە بەمجۆرە قسەیکردووە.

 

 
ترەمپ لەسەر ئەو قسانە لە بانگەشەکەی ویلایەتی ویسکنسن گوتی: "لێدوانەکەی جۆ بایدن لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی کامالا هاریسە کە هەر کەسێک دەنگی پێنەدات، بە خراپەکار و کەمتر لە مرۆڤ سەیری دەکات. دەزانین ئەوان بڕوایان بەوە هەیە و وەکو زبڵ مامەڵەیان لەگەڵ ئێوە و هەموو ئەمریکا کردووە."
 
دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی "هەرگیز نەدەبوو هەڵاوسان روویدابا، رێگە بە رووسیا درابا بچێتە نێو ئۆکراینا، 7ـی ئۆکتۆبەر و ئیسرائیل؛ هەموو شتانە هەرگیز روویان نەدەدا ئەگەر ئێوە سەرۆکی جیاوازتان هەبووایە."
 
هەڵبژاردنی ئەمریکا نزیکە و لە 05-11-2024 دەکرێت. کامالا هاریس بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ رکابەرن. راپرسییەکان پیشانی دەدەن کە هەردووکیان لە رکابەرێتییەکی تووند و نزیکدان؛ بەڵام ئێستا دۆناڵد ترەمپ بە نیو خاڵ لە پێش هاریسە و ٪48.5ـی هەیە.