ئەڵمانیا سەرجەم کۆنسووڵخانەکانی ئێرانی لە وڵاتەکەی داخست
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا سەرجەم کۆنسووڵخانەکانی ئێرانی لە وڵاتەکەی داخست و لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، تاوتوێی کاردانەوە دیکە بەرامبەر ئێران دەکات.
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-10-2024) رایگەیاند "ئەوەمان بۆ ئێران دووپات و روونکردووەتەوە؛ لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی ئەڵمانی کاردانەوەی گەورەی بەدوادادێت." دەشڵێت، بڕیاریاندا بە داخستنی هەر سێ کۆنسووڵخانەکەی ئێران لە شارەکانی فرانکفۆرت، میونشن و هامبۆرگ.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم تیرۆرکردنە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پیشانی دەدەن رژێمی دیکتاتۆر و نادادپەروەر بەگوێرەی لۆژیکی دیپلۆماسی کارناکات." جەختی لەوەش کردەوە، "بێ هۆ نییە کە پەیوەندییەکانمان لە نزمترین ئاست دان."
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی "بەهۆی لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد، زیندانی سیاسیی خاوەن وڵاتینامەی ئەڵمانی و بە رەچەڵەک ئێرانی، ئەڵمانیا سەرجەم کۆنسووڵخانەکانی ئێرانی لە وڵاتەکەی داخست."
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێ "لە هەنگاوی دووەمدا، ئەڵمانیا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی کاردانەوەی دیکە بەرامبەر ئێران و داخستنی باڵیۆزخانەکەی دەکات."
رۆژی دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهدیان جێبەجێکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، "جەمشید شارمەهد، دەستی هەبووە لە داڕشتنی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی، لەوانە تەقاندنەوەی حوسێنییەی سەیدوشوهەدا" لە شیراز لە ساڵی 2008 کە بووە هۆی کوژرانی 14 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە ساڵی 2020 جەمشید شارمەهدی، بە پلاندانان بۆ تەقاندنەوەی حوسێنییەی سەیدوشوهەدا لە شیراز تۆمەتبار کرد. بنەماڵەکەی، ئەم تۆمەتەیان بە "گاڵتەجاڕانە" وەسفکرد و رەتیانکردەوە.
جەمشید شارمەهد، تەمەن 67 ساڵ، هەڵگری ناسنامەی ئێرانی و ئەڵمانی بوو، مافی مانەوەی هەمیشەیی ئەمریکای هەبووە. پێشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیا، مانگی 7ی 2020 لە کاتی گەشتکردن لە ئەڵمانیاوە بۆ هیندستان، وەستانێکی سێ رۆژەی لە دوبەی دەبێت، دەگوترێت ئەو کاتەی لە دوبەی بووە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رفێندراوە. دوای دادگاییکردنی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.