مانگی داهاتوو کۆنفرانسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای مانگی داهاتوو کۆنفرانسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە ئەمڕۆ (شەممە، 31ـی ئابی 2024) لە دوای کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بڵاویکردووەتەوە، "سەرەتای مانگی داهاتوو، کۆنفرانسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە واشنتن بەڕێوەدەچێت و عێراقیش تێیدا بەشدار دەبێت."
 
ئاماژە بەوەش کراوە، "وەزیرانی دەرەوەی هەر 87 وڵاتەکەی نێو هاوپەیمانێتییەکە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن."
 
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014ـەوە لە سووریا روویکردە عێراق و لە ماوەیەکی کەمدا، موسڵ، فەللوجە، تکریت و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی کۆنترۆڵکرد. دواتر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەشداریی 70 وڵات دژی داعش راگەیێندرا، کە بە هێرشی ئاسمانی و راوێژی سەربازی هاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان. 
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیر کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 31ـی ئابی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانیی پێنجشەممە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەڵمەتێکیان لە بیابانەکانی پارێزگەی ئەنبار کردووە و تێیدا سەرکردەکانی داعشیان بەئامانج گرتووە. 
 
بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە رووداوی رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سوپای عێراق، حەوت سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.