هێلیکۆپتەرێک بە 22 سەرنشینەوە لە رووسیا بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
هێلیکۆپتەرێک کە 22 کەسی هەڵگرتبوو و زۆربەیان گەشتیارن، لە نیچمەدوورگەی کامچاتکا لە رووسیا بێسەروشوێنە.
رۆژی شەممە (31-08-2024) ڤلادیمیر سۆلۆدۆڤ، پارێزگاری هەرێمی کامچاتکا لە رۆژهەڵاتی رووسیا رایگەیاند "بەیانیی ئەمڕۆ (دەوروبەری کاژێر 07:15ـی بەیانی بەکاتی هەولێر)، پەیوەندی لەگەڵ هێلیکۆپتەری جۆری Mi-8 پچڕا، کە 19 سەرنشین و 3 فڕۆکەوانی تێدا بووە."
بەرپرسانی نیمچەدوورگەکە دەڵێن، تیمی فریاگوزارییان بۆ ئەو ناوچانە ناردووە کە هێلیکۆپتەرەکە بەنیازبووە بۆی بچێت، لەوانەش رووبارێکە لە دۆڵێکدا.
هێلیکۆپتەری جۆری Mi-8 لە رووسیا بەمەبەستی گەشت و گواستنەوە بەکاردێت.
هێلیکۆپتەرەکە سەرەتا چووەتە ناوچەی ڤاخاژێتز، سەرنشینەکانی هەڵگرتووە. میدیای رووسیا دەڵێت "لەگەڵ دووبارە فڕین، هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ستافی فڕۆکەوانەکان نەماوە و ئەوانیش هیچ پەیامێکی مەترسی یان کێشەی تەکنیکیان نەناردووە."
دەزگەی کەشناسیی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی سەختیی کەشوهەوای ناوچەکە، تیمەکە مەودای بینینیان زۆر کورتە.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە ئابی 2021، هێلیکۆپتەرێکی هەمان جۆر بە 16 سەرنشینەوە کە 13ـیان گەشتیار بوون لەنێو دەریاچەیەکی کامچاتکا تێکشکا و هەشت کەسیان گیانیان لەدەستدا.
لە تەممووزی هەمان ساڵ، فڕۆکەیەک لەکاتی نیشتنەوە لە نیمچەدوورگەکە تێکشکا. 22 سەرنشین و شەش کەس لە تیمی فڕۆکەوانی لە نێو فڕۆکەکە بوون و هەموویان گیانیان لەدەستدا.