پێنج رێگە لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە بۆ فێنککردنەوەی ماڵان لە کەشی گەرمدا

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شارە سەردەمییەکانی جیهان بە جۆرێک پشت بە کارەبا و ئامێرە فێنککەرەوەکان دەبەسترێت، وەک ئەوەی بۆ هەمیشە بمێننەوە و لەکارنەکەون؛ پەنجەرەی خانوو و باڵەخانەکانیان بەو جۆرە دروست دەکەن کە نەکرێنەوە. هەربۆیە کاتێک لە کەشوهەوایەکی گەرمدا کارەبا دەبڕێت، وەک ئەوەی لە تەممووزی ئەم ساڵ لە شاری هیوستنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بەهۆی زریانەوە روویدا، مرۆڤ ناتوانێت لەبەر گەرما تێیاندا بمێنێتەوە. 
 
بەڵام بۆ هەزاران ساڵ، شارستانییەکانی جیهان زانیویانە بە رێگەی جۆراوجۆر خۆیان لە گەرمای هاوین بپارێزن. 
 
لەبەرئەوەی پلەی گەرمای سەرانسەری گۆی زەوی لەبەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، لێکۆڵینەوەکان پێمان دەڵێن، چەندین هاوینمان لەپێشن کە هاوشێوەی ئەوانەی پار و ئەم ساڵ زۆر گەرم دەبن و گەردەلوول و زریانە بەهێزەکانیش زیاتر کارەبا دەبڕن. بۆ ئەوەی خۆمان بۆ داهاتوویەکی گەرمتر لە ئێستا ئامادەبکەین، دەتوانین لە رابردووەوە فێربین. 
 

سۆمەرییەکان؛ دروستکردنی خانوو لە نزیک یەک
 
سۆمەرییەکان 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ژینگەیەکی گەرم و وشکدا دەژیان کە ئێستا دەکاتە باشووری عێراق. لەو سەردەمەدا ئەوان رێگەی تایبەتی خۆیان بۆ رزگاربوون لە گەرما هەبوو. 
 
ئەو شوێنەوارناسانەی لێکۆڵینەوەیان لە شارە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا یان نیشتمانی نێوان دوو رووبارەکە کردووە، دەڵێن، خانووی سۆمەرییەکان دیوارەکانیان ئەستوور و پەنجەرەکانیان بچووک بووە بۆ ئەوەی کەمترین گەرمایان بەربکەوێت و کەشی ژوورەوە بە فێنکی بمێنێتەوە. 
 
سۆمەرییەکان دیوار و بانەکانیان بە قوڕ و خشت دروست دەکرد بۆ ئەوەی بە رۆژ گەرما هەڵمژن و بە شەو بیدەنەوە. 
 
سۆمەرییەکان خانوویشیان لە تەنیشت یەکدی دروستدەکرد، بەو شێوەیەش سێبەر زیاتر دەبوو و دیوارەکان کەمتر دەکەوتنە بەر گەرمای بەتینی خۆر؛ حەوشەکانیشیان بچووک بوون. 
 
کۆڵان و شەقامەکانی شارە سۆمەرییەکان تەسک بوون بۆ ئەوەی خۆر لێیان نەدات و بتوانن بە ئاسوودەیی لەژێر سێبەردا بە شاردا بگەڕێن. 
 

میسرییە کۆنەکان: سوودوەرگرتن لە با
 
میسرییە کۆنەکانیش ئەو کەرەستانەیان بەکاردەهێنا کە گەرما دادەبڕێنن. 
 
کۆشکی خانەدانەکان لە بەرد دروست دەکرا و حەوشەیان بە بەرەوە بوو. خانووی خەڵکی ئاساییش لە خشتی قوڕ دروست دەکرا. 
 
هەروەها بەشێکی زۆری خەڵک شەوان لە سەربان دەنووستن لەبەرئەوەی فێنکتر بوو. 
 
بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمای ژوورەوە، میسرییەکان رێگەیەکی بێوێنەیان داهێنا کە لە میسری ئەمڕۆدا پێی دەگوترێت مولقەف، کە بە واتەی هەورەبان یان بەیتوونەیەکی بەرز و باریک دێت. 
 
لایەکی مولقفەکە بە کراوەیی دەهێڵدرایەوە و رووی دەکرایە ئەو ئاراستەیەی بای لێوە دێت بۆ ئەوەی با بچێتە ژوورەوە و هەوا بگۆڕێت و پلەی گەرما دابەزێنێت. 
 
ئێستا ئەو هەورەبانانە لە زۆر خانوو و باڵەخانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای نێوەڕاست دروست دەکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بێ ئامێرە فێنککەرەوەکانیش لە کەشی زۆر گەرمدا بە ئاسوودەیی بمێننەوە. 
 

پۆبلۆیە کۆنەکان: کارکردن لەگەڵ خۆر
 
شارستانییەکانی کیشوەر و سەردەمەکانی دیکە هەندێ رێگەی هاوشێوەیان بۆ بەڕێکردنی ژیانیان لە کەشی گەرم و وشکدا پەیڕەو کردووە، هەروەها هەندێ رێگەی بێوێنەی تایبەت بەخۆشیان داهێناوە. 
 
پۆبلۆیەکان لەو شوێنەدا دەژیان کە ئێستا دەکاتە باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوانیش پەنجەرەی بچووکیان لە خانووەکانیاندا دروست دەکرد. 
 
دیوار و بانی خانووەکانیان لە خشتی قوڕ یان بەرد دروست دەکرد؛ هەروەها خانووەکانیان بە تەنیشت یەکەوە دروست دەکرد بۆ ئەوەی دیوارەکانیان یەک بن و رێگەی چوونەژوورەوەی تیشکی خۆر زەحمەتتر بێت. 
 
ئەوان هەروەها لە گرنگیی ئاراستەی خۆر تێگەیشتبوون. 
 
پۆبلۆییە کۆنەکان گوندی گەورەیان لە ژێر ئەو خەرەندانەدا دروست دەکرد، کە روویان لە باشوورە. ئەو ئاراستەیە وای دەکرد تاوەکو ئێوارە خۆریان لێ نەدات و بە فێنکی بمێننەوە.
 
نەوەکانیشیان ئەو رێگەیان بەرنەدا و لە شارە نوێیەکانیشیاندا بەکاریانهێنا؛ خانووی لە خشت دروستکراو، ئێستاش لە باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باوە. 
 

خەلافەتەکان: کۆکردنەوەی هەموو دڵۆپە بارانێک 
 
تەنانەت سیستمە سەردەمییەکانی ئاوەڕۆی ئەمڕۆشمان بە دەگمەن بە کەڵکی کەشوهەوای وشک دێن. لە شارە پێشکەوتووەکان ئاوەڕۆ بە جۆرێک دروست دەکرێن کە ئەگەر بارانی بەخوڕ یان زریانی بەهێز روویدا، هەموو ئاوەکە بە خێرایی لە شارەکە دووربخاتەوە. بەڵام هەمان ئەو شارانە، بۆ دابینکردنی ئاو بۆ خەڵک و باخچەکانیان، پێویستیان بەوەیە لە دەرەوە ئاو بهێنن. 
 
لە سەدەی هەشتەمی زایینیدا خەلافەتە ئیسلامییەکان لە شوێنە وشکەکانی باکووری ئەفریقا و باشووری ئیسپانیا، خانوو و کۆشکەکانیان بە جۆرێک دروست دەکرد کە ئاوی باران کۆبکەنەوە؛ بان و حەوشەکانیان ئاویان کۆدەکردەوە و لە دەرچەیەکەوە بە جۆگە یان بۆرییەکدا دەڕۆیشت بۆ بیرێکی ژێرەوەی خانوو و کۆشکەکان بۆ ئەوەی دواتر بۆ ئاودێریکردنی باخچەکانیان بەکاریبێنن. 
 
شاری مێندۆزای ئێستای ئەرجەنتین، ئەو رێگەیە بۆ ئاودانی گوڵ و درەختەکانی شەقامەکانی بەکاردێنێت. 
 

مایانەکان و تیۆتیهۆکانەکان: هەڵگرتنی ئاوی باران بۆ دواتر
 
شاری دێرینی شۆچیکالکۆی تیۆتیهۆکانەکان و زۆر شاری دیکەی مایانەکان لە مەکسیک و ئەمریکای نێوەڕاست، هەڕەم، کۆشک و جۆگەی ئاویان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی ئاو لە کۆگەی گەورە کۆبکەنەوە و لە داهاتوودا بەکاری بێنن. ئەوان بە رێگەیەکی تایبەت بە خۆیان، رووەکیان بۆ خاوێنکردنەوەی ئاوەکە بەکاردەهێنا. 
 
زانایانی ئەمڕۆ، لە وڵاتێکی وەک هیندستان، هەوڵدەدەن رێگەیەک بۆ هەڵگرتنی باراناو بە پاکی بدۆزنەوە. 
 
هەڵگرتنی باراناو و زیادکردنی سەوزایی بە رێگەیەکی باشی پاراستنی کەشوهەوای شارەکان دادەنرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاکیزە خولەکانی بە زمانی کوردی دەڵێتەوە.

خانمە کارسازێکی شنگالی لە ئەڵمانیا بزنسێکی گەورەی جوانکاری رێکدەخات

لە ئەڵمانیا خانمێکی شنگالی توانیویەتی ببێتە کارسازێکی سەرکەوتوو. بەڵام بەوەوە نەوەستاوە و جگە لەوەی دەرفەتی کاری بۆ خانمانی دیکە رەخساندووە، ئێستا راهێنانیش بە زمانی کوردی بە زۆر خانمی دیکە دەکات بۆئەوەی ببنە خاوەن بزنسی خۆیان.