وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت ئەو کۆچبەرانەی سلێمانی کە لە تونس دەستگیرکران دەدرێنە دادگە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو هاونیشتمانییانەی لە تونس دەستگیرکراون، دەدرێنە دادگە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، دەکرێت هەر یەکێک لەوان بە مانگێک زیندانی سزا بدرێت.
 
بە ئامانجی گەیشتن بە ئەورووپا، 16 هاونیشتمانی کە زۆربەیان خەڵكی پارێزگای سلێمانین، چوونە تونس و چەند هەفتەیەکە لەوێ دەستگیرکراون.
 
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی شەممە، 31-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی دوایین بەدواداچوون کە دوێنێ کردوومە، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان تەواوبووە و دراونەتە دادگە.
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییانە 2 بۆ 3 هەفتەی دیکە دەکرێت و رەنگە هەر یەکێکیان سزای زیندانی یەک مانگ بدرێت".
 
عومەر بەرزنجی گوتیشی، ئەو هاونیشتمانییانە "هەر لەسەرەتای دەستگیرکردنیانەوە ماوەی سزای زیندانییەکەیان بۆ هەژمار دەکرێ، ئەوەش واتای ئەوەیە ئەو کاتەی سزاکەیان بۆ دەردەچێ، مانگەکەیان تەواوکردووە. واتە راستەوخۆ ئازادە دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
 
24-08-2024 موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "16 کەس لە تونس دەستگیرکراون کە خەڵکی سنووری سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن."
 
14ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ تونس لابردنی ڤیزەی لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی راگەیاند. موسەننا ئەمین دەڵێت، "قاچاخچییەکان ئەوەیان وەک هەلێک قۆستوەتەوە و خەڵک دەخەڵەتێنن و بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".
 
ناسنامەی هاونیشتمانییەکان بەمشێوەیەیە؛ (ر. س. م – ئـ. ش. ع – ب. س. م – ب. ف. ح – ب. ئـ. س – د. ح. ر – ش. م. ع – ع. ئـ. ع – م. ش. ئـ - ‌هـ. ع. ک – ئـ. ح. ح – ع. ع. ب – ب. ئـ. ک – ز. س. ف – ب. ق. ئـ - ک. ک. خ).
 
تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی لێوەی بە دەریای نێوەڕاستدا بپەڕنەوە و خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەورووپا.