رووداو دیجیتاڵ
بێن واڵەس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کرد و ئەویش قبووڵی کرد، لە جێی واڵەسیش، وەزیری ئاسایشی وزە گرانت شابس بووە وەزیری بەرگری.
رۆژی پێنجشەممە، 31ی ئابی 2023، بێن واڵەس دوای زیاتر لە چوار ساڵ کارکردنی وەکو وەزیری بەرگریی بەریتانیا، نامەی دەستلەکارکیشانەوەی پێشکێش بە سووناک کرد، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، نیازی هەیە لە پۆستەکەی نەمێنێت تاوەکو لە بوارێکی دیکەدا کار بکات.
لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەیدا، واڵەس ئاماژەی بەوە کردووە کارە سیاسی و سەربازییەکەی وایکردووە لە ژیانی رۆژانەی و خێزانەکەی بەدوور بێت. هەروەها وەزیری پێشووی بەرگریی بەریتانیا نووسیوویەتی "ئەو پۆستەم بەجێدەهێڵم لەو بڕوایەدام کە یەکێک لە باشترین و پێشکەوتووترین سوپامان هەیە و ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە بڕوایەکی زۆرم هەیە، لەماوەی دەیەی داهاتوودا، جیهان ناسەقامگیرتر دەبێت، بۆیە دەبێ وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری بەرگریدا بکرێت."
لە وەڵامی قبووڵکردنی نامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت "بێن واڵەس، چەندین پۆستی گرنگی هەبووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە خزمەتکردنی خەڵک و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بینیوە."
بێن واڵەس بە بەرگریکارێکی گەورەی سیاسەتی وڵاتانی رۆژائاوا بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لە دژی رووسیا دەبینرێت و لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگی جەنگی ئۆکراینا، وەزیری بەرگری بەردەوام هەوڵیداوە زۆرترین هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا دابین بکات.
لە دوای ئەمریکا، بەریتانیا دووەم گەورەترین هاریکاری ئۆکراینا بووە لەڕووی دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ کیێڤ و تائێستا بەبڕی 4،6 ملیار پاوەند هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە. هەروەها بەریتانیا بەرنامەیەکی تایبەتی مەشق و راهێنانی سەربازی بۆ سەربازانی ئۆکراینی راگەیاندووە بەو ئامانجەی مەشق بە 30 هەزار سەربازی ئۆکراینی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ