وردەکاریی کوژرانی چوار ئەندامی خێزانێکی کورد لە تێکساسی ئەمریکا

31-08-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن گورگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی شاری ئاڵێن لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ماڵباتی شێروانی، لە چەند هەفتەی رابردوودا، لە دۆخێکی خراپدا بوون بەهۆی ئەوەی کچێکیان لە مەلەوانگەیەکدا خنکابوو. 
 
بەیانی رۆژی دووشەممە، 28ی ئابی 2023، پۆلیسی شاری ئاڵێن لە باکووری شاری داڵاس لە ویلایەتی تێکساس، کاژێر 08:45 بەیانی ئاگادار دەکرێنەوە لە بوونی رووداوێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە.
 
جۆنتان مانێس، لە پۆلیسی شاری ئاڵێن، بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، سەرەتا داپیرەی ماڵباتی شێروانی دەیەوێت سەردانی ماڵباتی شێروانی بکات و بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرگە دەدات، بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە، دواتر پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات. پۆلیسیش دوای دوو کاژێر دەگەنە ماڵی شێروانی. پۆلیس دەرگەی ماڵەکە دەکەنەوە و چوار تەرم دەدۆزنەوە.
 
لەبارەی ئەو رووداوەوە، جۆنتان مانێس رایگەیاندووە، وەکو تاوانێکی کوشتن و خۆکوژی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
 
کۆمەڵەی موسڵمانانی شاری ئاڵێن، ناوی ماڵباتە کوژراوەکانیان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، فەرمان شێروانی، هاوژینەکەی لەیلا شێروانی، کوڕەکەیان شاهین، تەمەن 12 ساڵان و مەتینی تەمەن 2 ساڵان، تەرمی چوار قوربانییەکەن.
 
پۆلیس لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت "هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و کەسەکان بە گولـلە کوژران، دەمانچەکەش دۆزراوەتەوە، بەڵام تائێستا دیارنییە، تەقەکەرەکە کێیە"، گومان دەکرێت سەرۆکی خێزانەکە هاوژین و منداڵەکانی کوشتبێت و دواتر خۆیشی کوشتبێت.
 
ئەو کۆمەڵەیە لە بەیاننامەکەیدا، دەڵێت "زۆر خەمباربووین بە بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو چوار ئەندامی خێزانە."
 
سێ هەفتە لەمەوپێش، کچێکی تەمەن چوار ساڵی ئەو خێزانە لە مەلەوانگەیەک خنکاوە و پۆلیسیش دەڵێت ئەو رووداوە، هۆکارێکی سەرەکی رووداوەکەی رۆژی دووشەممە 28ی ئاب بووە. 
 
ئەو خێزانە کوردە سێ هەفتە بەر لە ئێستا کچێکی چوار ساڵیان بە ناوی لییان لە مەلەوانگەیەک خنکاوە، پۆلیسی شاری ئاڵێن-یش دەڵێت: باوەڕیان وایە ئەوە "هۆکارێکی" ئەو رووداوە بێت.  
 
عەبدولڕەحمان بەشیر، کە مامۆستای ئایینی ئەو کۆمەڵەیەیە و ماڵباتی شێروانی دەناسێت، رایگەیاند هەموو خێزانەکە پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبووە و لە هەمان گەڕەک ژیاون. فەرمان شێروانی فیتەر بووە، کێشەیان لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵام لە دوای گیانلەدەستدانی کچەکەیان "ئەو ماڵباتە لەڕووی دەروونییەوە رووخابوون و لە دۆخێکی خراپدا دەژیان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە