بەرگریی رووسیا: درۆنێکمان خستەخوارەوە کە ئاراستەی مۆسکۆ کرابوو


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایدەگەیێنێت، درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو مۆسکۆ ئاراستە کرابوو، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد درۆنەکە لە کوێوە هاتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31-8-2023، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی ڤۆسکرێسنکی کە 60 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە، درۆنێکی خستووەتە خوارەوە کە بەرەو مۆسکۆ فڕیوە.
 
هەرچەندە سۆبیانین باسی لەوە نەکردبوو درۆنەکە لە کوێوە هاتووە، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دواتر رایگەیاند، درۆنەکە ئۆکراینی بووە.
 
سۆبیانین باسی لەوەشکرد، زیانی گیانی و مادی بەهۆی خستنە خوارەوەی درۆنەکە تۆمار نەکراوە، تیمەکانی فریاکەوتن هەرزوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
شەوی چوارشەممە ژمارەیەک هێرشی درۆنی لە ئۆکرایناوە بۆ سەر رووسیا کران. یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی پسکۆڤ بوو کە لە نزیک سنووری ئیستۆنیایە لە رۆژئاوای رووسیا و درۆنێکی ئۆکراینی زیانی بە دوو فڕۆکەی سەربازی گەیاندبوو.
 
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هێرشی درۆنی لە ئۆکرایناوە بۆ سەر رووسیا زیادیکردووە. یەکێک لە دیارترین ئەو هێرشانەش کە کرایە سەر رووسیا هێرشێکی درۆنی بوو بۆ سەر کۆشکی کرێملن، کە رووسیا تۆمەتەکەی دایە پاڵ ئۆکراینا.