رووداو دیجیتاڵ
دادگەی شاهانەی لەندەن بڵاویکردەوە، کوردێک لە یەکێک لە وێستگەکانی شەمەندەفەری شارەکە هەوڵی کوشتنی کەسێکی بێ ماڵی داوە. ئەیلوولی ئەمساڵیش سزاکەی دیاریدەکرێت.
رۆژی 31ـی تەممووزی 2024، دادگەی شاهانەی لەندەن لە بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی 3ـی شوباتی ئەمساڵ بڕوا شۆڕش، کە هاووڵاتییەکی کوردە هەوڵیداوە کەسێکی بێ ماڵ بە ناوی تادیوز پۆتۆزیک لە وێستگەی شەمەندەفەری ئۆکسفۆرد بکوژێت.
بەگوێرەی دادگەکە، بڕوا پاڵی بە تادیوزەوە ناوە و هەڵیداوەتە سەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر. پێشتر تادیوز بە دادگەی راگەیاندبوو، پێش ئەوەی شەمەندەفەرەکە خۆی پێدا بکێشێت لەلایەن کەسێکی دیکەوە رزگارکرا.
شۆفێری ئەو شەمەندەفەرە بە دادگەی گوتبوو "ئەگەر چەند چرکەیەکی دیکە لەسەر رێگەکە بمابایەوە، ئەوا گیانی لەدەستدەدا."
بڕوا لە رێگەی وەرگێڕەکەیەوە بە دادوەری دادگەکەی گوتبوو، ئەو کاتەی پاڵی بەو هاووڵاتییەوە ناوە "توڕە" بووە و، تادیوز بە شێوەیەکی ناشرین سەیری کردووە. کوڕە کوردەکە ئاماژەی بەوەشکرد، نەیویستووە ئەو پیاوە بکوژێت.
بەگوێرەی بڕیاری دادوەری دادگەکە، بڕیارە رۆژی 26ـی ئەیلوولی ئەمساڵ دادگە سزاکەی بڕوا دیاری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ