ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە کوشتنی بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 31ـی تەمووزی 2024، گوتەبێژێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رووسیا سەرۆکایەتیی دەکات رایگەیاند، ئەمڕۆ (کاژێر 16:00) بە کاتی واشنتن (کاژێر 23:00 بەکاتی هەولێر) کۆبوونەیەکی بەپەلە سەبارەت بە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس دەکەن. دەشڵێت، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئێران و بە پاڵپشتیی نوێنەرانی رووسیا، چین و جەزائیرە. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە تاران، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە بە مووشەکێک کرایە ئامانج و خۆی و پاسەوانە تایبەتەکەی کوژران. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەو شارە بوو.
 
هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ دەکرێت، بەڵام ئیسرائیل بەرپرسیاریێتی کوشتنی سەرکردەی یەکەمی حەماسی لە ئەستۆ نەگرتووە.
 
ئێوارەی دوێنێش، ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە فوئاد شوکر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کوژرا. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەردوو هێرشەکەی سەر تاران و بەیرووتی سەرکۆنە کرد و بە زیادبوونی گرژییەکانی دانا. ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سکرتێری گشتی باوەڕی وایە ئەو هێرشانەی بۆ سەر باشووری لوبنان و تاران دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسیداری گرژییەکان و پێویستە هەموو هەوڵەکان ئێستا بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بێت." 
 
ئەمیر سەعید ئیراڤانی، نێردراوی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، پێویستە ئەندامان "بەبێ دوودڵی سەرکۆنەی تووندی دەستدرێژی و هێرشە تیرۆریستییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لوبنان و سووریا بکەن." داوای کاردانەوەی دەستبەجێی ئەنجوومەنەکەی بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دژی ئەو کارانە کرد.