راپرسییەک: ترەمپ لە هەموو بەربژێرەکانی دیکەی کۆمارییەکان زیاتر لایەنگری هەیە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپرسییەک کە پەیمانگەی سیەنا پۆڵی ئەمریکا کردوویەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.
 
رۆژی دووشەممە، 31-7-2023، پەیمانگەی سینا پۆڵ و گۆڤاری نیویۆرک تایمز بە هاوبەشی راپرسییەکیان لەبارەی دەنگی بەربژێرانی پارتی کۆماری ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 2024 بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپرسییەکە ترەمپ 37٪ لەپێش رۆن دیسانتیسەوەیە.
 
بەپێی ئەو راپرسییەکە، ترەمپ بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە راکێشانی سۆز و لایەنگریی هەموو باڵە جیاوازەکانی پارتی کۆماری و دەنگدەرەکانی ئەو پارتەش. گەنج، پیر، خوێنەوار، نەخوێنەوار، لیبراڵ، پارێزگار، ژن و پیاو کە لە راپرسییەکەدا بەشداربوون ترەمپ بە باش دەزانن بۆ بوونەوە بە بەربژێری یەکەمی کۆمارییەکان.
 
راپرسییەکە ئەوەش نیشاندەدات، ئەو بانگەشانەی رۆن دیسانتیس، حاکمی فڵۆریدا بۆ خۆی دەکات کە گوایە ئەو باشتر دەتوانێت حکومەت بەڕێوەببات و لە ترەمپ شایەنترە بۆ بوونی بە بەربژێری یەکەمی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی 2024، وانییە. تەنانەت ئەوانەش کە تاوەکو ئێستا کاریان بۆ بەهێزکردنی دیسانتیس کردووە، لە راپرسییەکەدا دەنگیان بۆ ترەمپ داوە.
 
ئەوانەی بەشدارییان لەو راپرسییەدا کردووە، لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر ئەمڕۆ بۆ دیاریکردنی بەربژێری کۆمارییەکان هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بۆ کام بەربژێر دەدەیت؟" ترەمپ 54٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە و رۆن دیسانتیس تەنیا 17٪ی دەنگەکانی هێناوە؛ ئەوانی دیکەش 3٪ زیاتریان نەبردووەتەوە.
 
ئەو کەسایەتییانەی کە رکابەرایەتیی ترەمپ دەکەن، بریتین لە مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، نیکی هاڵی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تیم سکۆت، سیناتۆری  کارۆلاینای باشوور کە هەریەکەیان 3٪ی دەنگەکانیان هێناوە. کریس کریستی، حاکمی پێشووی نیو جێزی و ڤیڤێک رامسوامی، وەبەرهێنەر هەریەک 2٪ی دەنگەکانیان هێناوە.
 
بەگوێرەی راپرسییەکە، تەنانەت ئەگەر هیچکام لەو بەربژێرانەش نەمێنن و دۆناڵد ترەمپ و رۆن دیسانتیس بە تەنیا بچنە رکابەرییەوە، هێشتا ترەمپ بە 62٪ی دەنگدەران لە رۆن دیسانتس بە 31٪ی دەنگدەران دەباتەوە.
 
یەکێک لە بەشداربووانی راپرسییەکە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کراوە دەڵێت، کۆمارییەکان "حەزیان لە بەڕێز دیسانتسە، بەڵام ترەمپیان خۆشدەوێت". یەکێکی دیکە دەڵێت، "دیسانتیس، هیوای زۆرم پێت هەیە. بەڵام هەتا ترەمپ هەبێت، ترەمپ لەپێشە". 
 
تەواوی ئەوانەی لە راپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە ئەو تۆمەتانەیان بیرخراوەتەوە کە ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ کراوە و تاوەکو ئێستا لە دادگە ماونەتەوە. هەروەها ئەو ئەگەرەش خراوەتە بەردەمیان، کە دەکرێت لە یەکێکیاندا بە دادگە بدۆڕێت.
 
لە 15 بۆ 18ی تەممووزی ساڵی 2024، پارتی کۆمارییەکان لە شاری مەواکی ویلایەتی ویسکانسن کۆنگرەی نیشتمانی دەکەن. هەر لەو کۆنگرەیەدا بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024ی ئەمریکا دیاریدەکەن.