رووسیا لە ئەگەرێکدا بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا هۆشداری بە وڵاتانی رۆژائاوا دەدات و دەڵێت "ئەگەر ئۆکراینا دەست بەسەر هەر بەشێک لە خاکی رووسیا دا بگرێت، هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەم مۆسکۆ نامێنێت، جگە لە بەکار‌هێنانی چەکی ئەتۆم".
 
رۆژی یەکشەممە، 30ی تەممووزی 2023، دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا کە سەرۆکەکەی ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیایە و بە بەهێزترین دەستەی سەربازی و ئاسایشی رووسیا دادەنرێت؛ لە نوێترین لێدوانیدا رایدەگەیێنێت، "ئەگەر ئۆکراینا لە هێرشە پێچەوانەکانی سەرکەوتوو بوو، مۆسکۆ هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێتەوە، تەنیا بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ستراتیژی نەبێت".
 
لەوبارەیەوە، مێدڤیدێڤ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەر) نووسیویەتی: "بەشێوەیەکی سادە دەڵێم هیچ رێگەیەکی دیکە نابێت. تەنیا ئەوە بهێنە بیری خۆت ئەگەر هێرشەکانی ئۆکرانیا سەرکەوتوو بوون و خاکەکەی ئێمەیان کۆنترۆڵکرد، ئێمە ناچار دەبین بەگوێرەی رەزامەندیی سەرۆک کە لەساڵی 2020 داویەتی، چەکی ئەتۆم بەکاربهێنین".
 
هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی مۆسکۆ لە نووسینەکەیدا دەڵێت، "بۆیە دوژمنەکانمان، خەباتکارەکانمان بپەرستن، چونکە ئەوانە رێگەنادەن ئاگری جیهانیی ئەتۆم پەرەبسێنێت".
 
ئەمە یەکەمجار نییە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، باسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دەکات، مانگی رابردوو لەدوای یاخیبوونە یەک رۆژییەکەی گرووپی چەکداریی ڤاگنەر لەدژی رووسیا، ئەو بەرپرسە باڵایەی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەو یاخیبوونە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، رەنگە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم. 
 
هەروەها ساڵی رابردووش، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا، مێدڤیدێڤ ئاماژەی بەوەکرد، رەنگە ئەو جەنگە چەند رۆژێک بخایەنێت، ئەمە بە بەکارهێنانی هەمان رێگەی ئەمریکا کە لەساڵی 1945 لە دژی ژاپۆنییەکان بەکاریهێنا و بۆمبی ئەتۆمی لە هەردوو شارەکانی هێرۆشیما و ناگاساکیی ژاپۆن بەکارهێنا.
 
لە 12ی ئەم مانگەش لەگەڵ راگەیاندنی هاوکاری سەربازیی زیاتر لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ ئۆکراینییەکان، ئەو بەرپرسە باڵایەی مۆسکۆ هۆشداریدا و رایگەیاند، ئەگەر ناتۆ بەرەدەوامبێت لە هاوکاریکردنی ئۆکراینا، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی سێیەمی جیهانی نزیک دەبێتەوە.