پشکنین بە 'سەگە رۆبۆت' ترسی بۆ بەشێک لە خەڵک دروستکردووە


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی هۆنۆلولو لە دوورگەی هاوای لە ئەمریکا 150 هەزار دۆلاری لە کڕینی رۆبۆتێک خەرجکردووە کە چوار قاچی هەیە و ناویان لێیناوە "سەگە رۆبۆت."
 
ئەو رۆبۆتە لە پاکێجی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پارەی بۆ خەرجکراوە، بارگرانی زۆری لە کۆڵ هێزەکانی پۆلیس کردووەتەوە، بەڵام ترسیشی لای خەڵک دروستکردووە.
 
جاران خەڵک لە رۆبۆتی پۆلیس دەترسان لەبەرئەوەی دەیانبینی بۆ دۆخە مەترسیدارەکان بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمب، بەڵام پۆلیسی هۆنۆلولو خەڵک دڵنیادەکاتەوە کە سەگەرۆبۆتەکان بۆ مەرامی ئاشتی و بۆ سەردەمی کۆرۆنا سوودی زۆریان لێدەبیندرێت.
 
جۆسێف ئۆنیێل، ئەفسەری پلە یەکە و دەڵێت، "رۆبۆتەکەی ئێمە بەتەواوی لە بواری مرۆیی بەکاردەهێندرێت، کەسێک نەبووە بڵێت رۆبۆتەکەتان سامناکە، یان جێگەی نیگەرانییە. کارەکانی زیاتر ئەرێنین. بە هیچ شێوەیەک ترس و تۆقاندن نییە. ئەمەش ناخۆویستانە نییە، ئێمە لەخۆمانەوە ناڕۆین هەڕەمەکی خەڵک سکان بکەین."
 
بە خەڵکی بێماڵ و حاڵی هاوای گوتراوە پێشبینی ئەوە بکەن لە هەر کاتێکی رۆژدا رۆبۆتێک بێتە بەردەمتان پشکنینی کۆرۆناتان بۆ بکات، بەڵام رێکخراوە مرۆییەکان ترسیان لەوەیە ئەو رۆبۆتانە دوای نەمانی کۆرۆناش بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی پۆلیس بەکاربهێندرێن و ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان کەوتوون و بێ ماڵ و حاڵن، بە تایبەت بکرێنە ئامانج.
 
مایکل پێری، جێگری سەرۆکی بۆستن داینامیکس دەڵێت، "یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکان ئەوەیە بتوانی بە تەواوی وەسفی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ کەسانێک بکەی کە لەژیانی خۆیاندا نەیانبینیوە. چەندین دەیەیە پۆلیس رۆبۆت بۆ پشکنینی بۆمب لە دوورەوە بەکاردەهێنن و لە سیناریۆی سەیر بەکاریان دەهێنن، هۆشدارییان پێدەدەن بۆ ئەوەی کەسێک نەچێتە شوێنێک، یەکێک لە ئاڵنگارییەکان ئەوەیە زۆر کەس ئەو تێگەیشتنەیان نەبوو کاتێک رۆبۆتیان بینی کە لەو بارودۆخانەدا تاقیدەکرێتەوە، بنکەکانی پۆلیس دەڵێن ئێمە ساڵانێکە رۆبۆت بەکاردەهێنین بۆچی خەڵک پێی دەشڵەژێن یاخود لەو تەکنەلۆژیایە دەترسن؟"
 
خەڵکی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی بەکارهێنانی سەگە رۆبۆتیان رەتکردووەتەوە، گومانیان لە بەکارهێنانی رۆبۆتەکە هەیە لەلایەن پۆلیسەوە.
 
لە 2020 پۆلیسی نیویۆرک ئەم رۆبۆتەی جارێکی دیکە بەکارهێنایەوە، بەڵام ئەمجارە ناوەکەی گۆڕی و رەنگی کرد بە شین. ماوەیەک کاری پێکرد، تاوەکو خەڵک لێی وردبوونەوە و پێیان زانییەوە کە ئەمە هەمان ئەو رۆبۆتەیە کە لەلایەن کۆمپانیای بۆستن داینامیکسەوە بەرهەمهێنراوە.
 
ئێستا کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە هەوڵی ئەوەدایە سەرلەنوێ پێناسەی رۆبۆتەکە بکاتەوە و خەڵک لە نوێکردنەوەی تایبەتمەندییە مرۆییەکانی رۆبۆتەکە ئاگاداربکاتەوە.