رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی دادی سوێد دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لە وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق داخست، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی بە فێڵکردن و خۆتۆمارکردن بە نەخۆش و وەرگرتنی پارە لە سوێد لەو کاتەی لە عێراقیش مووچەی وەرگرتووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەک؛ جێنس نێڵسۆن، داواکاری گشتیی سوێد دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە نەجاح شممەری، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق داخستووە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی، "بە پشتبەستن بە کەرەستەکانی لێکۆڵینەوەی بەردەست هیچ هۆکارێک بۆ بەردەوامی لێکۆڵینەوە نییە، هیچ بەڵگەیەکیش نییە بیسەلمێنێت ناوبراو تاوانی کردبێت."
بەپێی بەڵگەنامەکە، "بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بۆیە بەپێی بڕگەی 2ی مادەی چواری بەشی 23ـی یاسای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لێکۆڵینەوە بەردەوام نابێت."
31ی ئاداری ئەم ساڵ نەجاح شممەری، وەزیری پێشووتری بەرگریی عێراق ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لە فێڵکردنی لە دەسەڵاتدارانی سوێد دەکەن بەهۆی ئەوەی نەخۆشە و ناتوانێت کار بکات، بۆیە پارەی یارمەتی و نیشتەجێبوونی بە نایاسایی لە سوێد وەرگرتووە. رۆژی 21ی نیسانی ئەم ساڵ سوێد نەجاح شممەری دەستگیر کرد.
نەجاح شممەری لەدایکبووی 1967ـە، لە ساڵانی نەوەدەکان ئەفسەر بووە لە سوپای عێراق، لە کابینەی عادل عەبدولمەهدی لەنێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2020 وەزیری بەرگری بوو.
لە ساڵی 2009 چووەتە سوێد و دوو ساڵ دواتر مافی مانەوەی وەرگرت، ساڵی 2015ش وڵاتینامەی سوێدی وەرگرت.
دواتر لە بەشێک لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا وا بڵاوکرایەوە فێڵی کردووە و پێچەوانەی یاسای باج کاریکردووە، هەرچەندە ئەو کات بە کوشتنی خۆپێشاندەرانی بەغدا کە بە تشرینیەکان دەناسرێن، تۆمەتبار کرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی سوێد دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەو بابەتە داخست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ