دوای تاوانبارکردنی، چی بەسەر ترەمپ دا دێت؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەستەی سوێندخواردووان دۆناڵد ترەمپیان لە 34 تۆمەت کە ئاراستەی کرابوو، بە تاوانبار ناساند، لەبەردەم دادگە لایەنگرانی تووڕە و نیگەران بوون، دژبەرانیشی خۆشحاڵ. پرسیار ئەوەیە چی بەسەر ترەمپدا دێت.
سەرەکیترین ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ترەمپ کرابووەوە، ساختەکاری بوو لە تۆمارەکانی پارەدان و شاردنەوەی پێدانی پارە بوو بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو بێدەنگی بکات لەسەر ئەو بانگەشەیەی گوایە لە 2006 سێکسی لەگەڵ ترەمپدا کردووە.
ئاڵڤن براگ، داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن رایگەیاند، "ئێمە کاری خۆمان کرد. کارەکەمان ئەوە بوو بەدوای راستی و یاسادا بکەوین، بێ هیچ ترس و لایەنگرییەک. زۆر دەنگ هەبوو قسەیان لەسەر ئەم کەیسە کرد، بەڵام تاکە دەنگ کە گرنگ بوو، دەنگی دەستەی سوێندخواردووان بوو و دەستەکەش قسەی خۆیان کرد."
دادگاییەکە مێژوویی بوو، ئەوە یەکەم جارە سەرۆکێکی ئەمریکا بە تاوانبار بناسێندرێت لە دادگە.
چی بەسەر ترەمپ دێت؟
ئەوەی لە بەرژەوەندیی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، ئەگەر دادگە سزای زیندانیکردنیشی بەسەردا بسەپێنێت، هێشتا دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات و ببێتە سەرۆکی وڵات.
قورسترین سزا لە ویلایەتی نیویۆرک لەسەر تاوانی بەرتیلدان، ساڵێک بۆ چوار ساڵ زیندانییە، بەڵام ئەگەری زیندانیکردنی ترەمپ، ئەگەرێکی ئەستەمە، چونکە پێشینەی تاوانی نییە.
ئەگەری زیاتر بۆ سزای کەیسەکە؛ ئەوەیە، پێبژاردن یانیش بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێریدا بێت.
بەگوێرەی یاسای ئەمریکا لە ئەگەری زیندانیکردنی ترەمپ، ئەو هەر دەتوانێت، خۆی بەربژێر بکات و ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی 5ی تشرینی دووەمیش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هەر لە زیندان بوو، دەتوانێت لە ژووری زیندانی سوێندی یاسایی سەرۆکایەتی بخوات.
دۆناڵد ترەمپ لە دوای بڕیارەکە رایگەیاند، "ئەمە شەرمەزارییە. ئەم دادگەیە ساختە بوو لەلایەن دادوەرێکەوە کە لایەنگریی دەکرد و گەندەڵ بوو. بە راستی شەرمەزارییە. ئەوان هەتا ئامادەنەبوون شوێنی دادگاییکردنەکە بگۆڕن. راستییەکەی ئەوەیە، دادگە راستەقینەکە هەڵبژاردنی 5ی تشرینی دووەم دەبێت لەلایەن خەڵکەوە."
لەگەڵ ئەوەی ترەمپ تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبوونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگە، تاوەکو 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ شێوازی سزادانەی دیاری ناکرێت، چاوەڕێش دەکرێت تیمی پارێزەرانی ترەمپ تانە لە بڕیارەکە بدەن، پێش ئەو وادەیە.
دادوەران چەندین فاکتەر لەبەرچاو دەگرن لەکاتی بڕیاردان بۆ سزادانی ترەمپ، لەنێویاندا تەمەنی.
ئەگەر بووەوە سەرۆک، ترەمپ دەتوانێت لێبووردن بۆ خۆی دەربکات؟
نەخێر. سەرۆکانی ئەمریکا دەتوانن لێبووردن بۆ ئەو کەسانە دەربکەن کە تاوانی فیدراڵییان ئەنجامداوە. ئەم دۆسیەی ترەمپیش لە دەرەوەی ئەو بازنەیەیە.