ئێستا کە تۆمەتەکانی بەسەردا ساخکرانەوە، چی بەسەر ترەمپ دێت؟
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، تاکە سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە تاوانێکی بەسەردا ساخبووبێتەوە.
بە چی تاوانبارە؟
تاوانبارە بەوەی تۆمارە داراییەکانی خۆی ساختەکردووە، بۆئەوەی حکومەت و رای گشتیی وڵاتەکەی نەزانێت پارەی بە کێ داوە.
پارەی بە کێ داوە؟
گوایە لە ساڵی 2016 پارەی بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان داوە تاوەکو بێدەنگ بێت و ئابڕووی نەبات. ژنەکە دەڵێت، لە ساڵی 2006 ترەمپ سەرجێیی لەگەڵدا کردووە.
100% ترەمپ دەخرێتە زیندانەوە؟
نەخێر، دەکرێت لە زیندان رزگاری ببێت.
ئێستا چاوەڕێی چییە؟
ترەمپ ئێستا چاوەڕێی ئەوەیە سزاکەی بۆ دەربکرێت. دادوەر خوان مێرچن لە دادگەیەکی ویلایەتی نیویۆرک سەرپەرشتیی دادگاییکردنەکەی ترەمپ دەکات. بڕیارە لە 11ی تەممووز سزاکەی بۆ دیاری بکات.
سزاکە تاوەکو چەند ساڵ دەڕوات؟
سزای ساختەکردنی تۆمارە داراییەکان ئەوپەڕی چوار ساڵ بەندکردنە، بەڵام هەندێک جار دەکرێت کورتتر بێت یان تەنیا پێبژاردن بێت بێ ئەوەی بچێتە پشت شیشەکانی زیندان، یانیش دەکرێت سزاکەی بۆ دەربکرێت، بەڵام نەخرێتە زیندان، بەڵکو لە دەرەوە لەژێر چاودێریدا بێت.
چی دەبێت ئەگەر بخرێتە زیندانەوە؟
یاسا رێگری لە ترەمپ ناکات لە زیندانەوە بەشداری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا بکات، تەنانەت دەکرێت لە زینداندا بە سەرۆک هەڵبژێردرێت. رۆژی دەنگدانەکە 05-11-2024ە.
سەرۆک دەتوانێت لە زیندانەوە سەرۆکایەتی بکات؟
بەڵێ، چونکە لە دەستووردا هیچ بڕگەیەک نییە لەسەر بنەمای تاوانباربوون، خۆبەربژێربوون و سەرۆکایەتی لە کەسێک قەدەخە بکات؛ بەڵام ئەگەر ترەمپ خرایە زیندانەوە و هەر بە سەرۆک هەڵبژێردرا، ئەوا ژمارەیەک کێشمەکێشی یاسایی دەچنە دادگەکان بۆئەوەی شێوازی کاری سەرۆک دیاری بکەن، کە چۆن لەبری کۆشکی سپی لە کونجی زیندانەوە کارەکانی گەورەترین زلهێزی جیهان رادەپەڕێنێت.
بۆچی ئەگەری زیندانیکردنی ترەمپ لاوازە؟
سزای ساختەکردنی تۆمارە دارایی و بازرگانییەکان لە ساڵێک و چوار مانگ زیندانیکردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە چوار ساڵ.
ترەمپ پێشینەی تاوانی نییە، واتە پێش ئەم تۆمەتە، هیچ تاوانێکی دیکەی نەکردووە. لە ویلایەتی نیۆیۆرک، شتێکی دەگمەنە خەڵک لەسەر ئەم جۆرە تاوانانە بخەنە زیندانەوە، بەڵکو ئەوەی زیاتر چاوەڕوان دەکرێت، پێبژاردنە، واتە پێدانی پارە وەکو سزایەک، یانیش تەنیا دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە تاوەکو ماوەی سزاکەی تەواو دەبێت.
ئەگەر سزای پێبژاردنی بۆ دەرنەکرێت، ئەوا دەکرێت لە ماڵی خۆیدا بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، یانیش دەکرێت بتوانێت بڕواتە دەرەوەی ماڵەکەشی، بەڵام هاتووچۆکەی سنووردار دەبێت.
شتێکی دیکەش هەیە؛ وەک سەرۆکێکی پێشوو، ترەمپ بەردەوام لەلایەن هەواڵگریی ئەمریکاوە پاسەوانی دەکرێت. ئەگەر بڕیار بدرێت بخرێتە زیندانەوە، ئەوا رێکارەکانی پاراستنی لەپشت شیشی زیندان، ئاڵۆز و سەیروسەمەرە دەبن.
دەتوانێت داوای تێهەڵچوونەوە بکات؟
بەڵێ؛ ترەمپ دەتوانێت داوا لە دادگەی تێهەڵچوونەوە بکات بە بڕیاری دادگەی نیۆریۆرکدا بچێتەوە.
وەڵامی ترەمپ بۆ تۆمەتەکان چییە؟
ترەمپ دەڵێت، دادگاییکردنەکەی نادادپەروەرانە بووە، کەموکوڕی هەبووە و ئەو سکاڵایانەی دژی تۆمارکراون هاندەری سیاسییان لەپشتەوەیە.
ترەمپ هەروەها پێیوایە، دادوەر هەڵەی یاسایی کردووە. یەکێک لەو هەڵەیانەش ئەوەیە کە رێگەی بە "لەشفرۆشێک" داوە شایەتی دژی ترەمپ بدات، کە بە گوتەی پارێزەری ترەمپ، هیچ پێویست نەبووە و ئامانج لێی لەکەدارکردنی ناوبانگی ترەمپە.
هەروەها پارێزەرانی ترەمپ دەڵێن، تەنانەت تۆمارکردنی سکاڵاکەش نەگونجاو بووە، چونکە لە نیویۆرک، ساختەکردنی تۆماری دارایی و بازرگانی بە سەرپێچی دادەنرێت، نەک تاوان. سەرپێچییەکە تەنیا ئەو کاتە دەگۆڕدرێت بۆ تاوان ئەگەر لە پێناو کردن یان شاردنەوەی تاوانێکی دیکە کرابێت.
داواکاری گشتیی نیویۆرک دەڵێت، ترەمپیش ئەمەی بۆ شاردنەوەی تاوانێک کردووە کە ئەویش پێشێڵکردنی یاسای هەڵبژاردنی ویلایەتەکە بووە.
بەڵام پارێزەرەکانی دەڵێن، ئەمەش ترەمپ ناگرێتەوە، چونکە یاسای ویلایەتێک، کاریگەری بەسەر هەڵبژاردنی فیدراڵییەوە نییە.
ترەمپ هێشتاش دەتوانێت ببێتە سەرۆک؟
بەڵێ، مەرجی دەستوور بۆ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک تەنیا ئەمانەن:
- تەمەنی لە 35 ساڵ کەمتر نەبێت.
- لە ئەمریکا لەدایکبووبێت.
- لانیکەم 14 ساڵ لە ئەمریکا ژیابێت.
لەڕووی گریمانەییەوە، ترەمپ دەتوانێت لە زیندانەوە لە 20-01-2025 سوێندی دەستووری بخوات.
ئەگەر بووە سەرۆک، دەتوانێت لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات؟
نەخێر.