رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا هاووڵاتییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی راستڕۆکان و چەند کەسێکی بریندار کرد.
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024 پۆلیسی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، هێرشەکە بۆسەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بووە و ناتوانن ژمارەی ئەو کەسانە دیاری بکەن کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون، بەڵام یەکێک لەوان پۆلیسە. پارتەکە بە پارتێکی راسترۆی دژە کۆچبەر دادەنرێت.
پۆلیسی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە، تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و برینداریان کردووە.
تاوەکو ئێستا پۆلیس پاڵنەری پشت ئەنجامدانی هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە. کریستیان شپێخت، سەرۆکی شارەوانیی مانهایم دەڵێت، نابێت هاووڵاتییان پەلە بکەن لە لێکدانەوە بۆ هۆکاری ئەنجامدانی هێرشەکە و پێویستە هەموولایەک چاوەڕێی لایەنی فەرمی بکەن.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 9ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئەڵمانیا 96 کورسیی لە پەرلەمانی ئەورووپا هەیە و راپرسییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، هاوپەیمانێتیی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان 29 کورسی، سەوزەکان 21 کورسی، سۆسیال دیموکرات 16 کورسی، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 9 کورسی دەبەنەوە.
شاری مانهایم دووەم گەورەترین شاری هەرێمی بادن-ڤوتمبێرگە و ژمارەی دانیشتووانەکەی سەروو 300 هەزار کەسە.
بەگوێرەی پۆلیسی ئەڵمانیا، پار 214 هەزار و 99 تووندوتیژییان لا تۆمارکراوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە پێرار 8.6% زیاتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ