پەرلەمانی سلۆڤینیا لەبارەی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنگ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممەی داهاتوو پەرلەمانی سلۆڤینیا دەنگ لەسەر ئەوە دەدات دەوڵەتی فەلەستین وەکو وڵاتێکی فەلەستین بناسێنێت یاخود نا.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، ئورشکا کلاکۆچار زوبانچیچ، سەرۆکی پەرلەمانی سلۆڤینیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری لوبییانەی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی: "رۆژی سێشەممە کاژێر 4:00ـی ئێوارە [کاژێر 3:00 بەکاتی هەولێر] لە پەرلەمان دەنگ لەسەر داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەدەین".
سێ پارتی ئەو وڵاتە کە پێکهێنەری حکومەتن، لەکۆی 90 کورسیی پەرلەمان، 51 کورسیی پەرلەمانیان هەیە و لەگەڵ ئەوەدان سلۆڤینیا فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنیت.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حکومەتی سلۆڤینیا فەرمانێکی بۆ پەرلەمانی وڵاتەی نارد و داوای کرد بڕیاری کۆتایی لەبارەی ناساندنی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بدرێت.
رۆبێرت گۆلۆب، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا لەبارەی داننان بە فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، گوتی: "ئەوە پەیامێکە بۆ ئاشتی، ئێمە پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو جیهان بەشداریی هەوڵەکان بەرەو چارەسەرێک بکەن، کە دەبێتە هۆی هێنانی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
بەگوێرەی راپرسییەکی ماڵپەری Dnevnik daily زیاتر لە 60٪ـی سلۆڤینییەکان لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەکەیان فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنێت و 20٪ـیشیان دژی ئەو هەنگاوەن.
پارتی دیموکراتی سلۆڤینیا SDS کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە، دژی داننان بە دەوڵەتی فەلەستینە و راگەیاندووە، سلۆڤینیا دەبێت وەکو زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نەنێت.
رۆژی 28-5-2024، هەریەکە لە ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بە فەرمی فەلەستینیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند.
فەلەستینییەکانیش زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێش کردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 142 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، ئێستاش دوای دانپێدانانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ژمارەی ئەو وڵاتانەی دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا دەنێن، بووەتە 145 وڵات.