زیاتر لە 350 شارەزای بواری تەکنەلۆجیا: ژیریی دەستکرد مرۆڤ بەرەو لەنێوچوون دەبات

31-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن ژیریی دەستکرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زانایان و شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەدەن لەوەی "ژیریی دەستکرد، دەبێتە هۆی لەنێوچوونی مرۆڤ".
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاری 2023، شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا، لەنێویاندا سام ئاڵتمان، دامەزرێنەری چات جی پی تی، راگەیێندراوێکیان لە نێوەندی سەلامەتی بۆ ژیریی دەستکرد بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، پێویستە "ژیریی دەستکرد کاری هەرە لەپێشینەی جیهان بێت وەکو پەتای کۆرۆنا و چەکی ئەتۆمی".
 
لە راگەیێندراوەکەدا زیاتر لە 350 شارەزای بواری تەکنەلۆجیا بەشدارییان کردووە و لەنێویاندا جیۆفری هینتۆن و یۆشوا بێنگیۆ کە بە "باوکی ژیری دەستکرد" ناسراون.
 
دان هیندرێکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نێوەندی سەلامەتی ژیریی دەستکرد دەڵێت "هەندێک لە سەرکردە پیشەسازییەکان، نیگەرانی خۆیان لەسەر ژیری دەستکرد دەربڕیوە، کە خۆیان سەرەتا گەشەیان پێیداوە". 
 
ئەو راگەیێندراوەی زانایانی بواری تەکنەلۆجیا لەکاتێکدایە، پێشتر چەندینجار هۆشدارییان داوە و داوایانکردووە ژیریی دەستکرد بە یاسا رێکبخرێت. 
 
رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023 سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، پڕۆگرامی چات جی پی تییان دروستکردووە لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند "ئەگەر ئەو تەکنەلۆجیایە بە رێگەیەکی هەڵەدا بڕوات، لەدەست دەردەچێت".
 
لە کۆنگرێس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایە داوای کرد؛ بە هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی و دروستکردنی ئاژانسێکی ئەمریکی سەرپەرشتی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بکرێت، گوتیشی "پێموایە پێویستە ئەمریکا کار بۆ ئەوە بکات، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەر بێت، دەبێت شتەکە جیهانی بێت".
 
ئەڵتمان دانی بەوەدانا کە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد، دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری دروستبکات و ببێتە هۆی ئەوەی هەندێک پیشە لەنێوبچن، گوتیشی "کاریگەری لەسەر پیشەکان دروست دەبێت، هەوڵدەدەین زۆر روون بین لەوبارەیەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەڵتمان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ سەر دیموکراسی دەربڕی و گوتی، "دەتواندرێت ژیریی دەستکرد بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان دروستبکات".
 
دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2022 چات جی پی تی بڵاوبووەوە، هەرزوو ملیۆنان بەکاربەری لە جیهان لە چواردەوری خۆی کۆکردەوە. چات جی پی تی وەک شێوازی ئاخاوتنی مرۆڤ وەڵامی هەر پرسیارێکی زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی و هتد.. دەداتەوە.
 
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، ئەو رۆبۆتە ژیرە تەواوی داتابەیسی ئینتەرنێت دەگەڕێت و بە ئامادەکراوی زانیارییەکان دەخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، بەڵام بەپێی ئەوانەی لەماوەی رابردوودا لێکۆڵینەوەیان لەو رۆبۆتە کردووە، هەندێک جار بۆ مانادان بە بابەت و وەڵامەکانی کە دەیانداتەوە، زانیاری و سەرچاوەی ناڕاست دەخاتە بەردەستیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.