هەرێمی کوردستان لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە بەریتانیا بەشدارە

وەزیری ناوخۆ لە لووتکەکەدا بەشدارە.
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەریتانیا لووتکەی ئاسایشی سنوور بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیری ناوخۆ بۆ بەشداربوون لە لووتکەکە لە بەریتانیایە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی بەریتانیا بەشداری لە لووتکەی ئاسایشی سنووردا کردووە.
 
لە لووتکەی ئاسایشی سنوور، وەزیرانی ناوخۆ، داد و هەروەها بەرپرسانی ئاسایشی سنووریی و کۆچی نزیکەی 40 وڵات بەشدارن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوێنێ یەکشەممە، لە رێورەسمی پێشوازی بۆنەکەدا، رێبەر ئەحمەد چاوی بە ییڤیت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و ژمارەیەک لە وەزیرانی داد و ناوخۆی وڵاتانی ئەڵمانیا، عێراق، هۆڵەندا، سوێد، بولگاریا و چین کەوتووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە لووتکەی ئاسایشی سنوور بە فەرمی دەست بەکارەکانی دەکات و دوو رۆژ دەخایێنێت. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی یەکەمی لووتکەکەدا، کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەرپەرشتی دەکات، رێبەر ئەحمەد یەکێک دەبێت قسەکەرانی پانێلەکە.
 
نێوەڕۆکی گفتوگۆ و پانێڵەکانی لووتکەکە تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەشی کە سووود لەو کۆچە وەردەگرن.
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەدوای هەنگاودا دەگەڕێت بۆ رووبەڕووبونەوەی کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا، کە زۆربەی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە دەگەنە ئەو وڵاتە.
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە: "بڕیاردراوە بە خەرجکردنی زیاتر لە 43 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵوەشاندنەوە و رووبەڕووبوونەوەی گرووپەکانی قاچاخی بە مرۆڤ".
 
بەرپرسانی عێراق، ڤێتنام و ئەلبانیا لە لوتکەکەدا بەشدارن، وەکو سێ وڵات کە زۆرترین کەس لێیانەوە کۆچ دەکەن بۆ بەریتانیا.
 
بەپێی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، تەنیا ئەم ساڵ شەش هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە چەند ساڵی رابردوودا.