ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی بۆ بەغدای نارد پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی رەوانەی بەغدا کرد.
یەکشەممە، 31-03-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیستی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان رەوانەی بەغدا کردووە و هاوپێچ لەگەڵیدا، بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانیشی ناردووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی دوو لیستی ناردووە، لیستی یەکەمیان بەبێ دەستکارییە بۆ مووچەی مانگی ئادار و لیستی دووەمیشیان بە پلە بەرزکردنەوەیە بۆ دابینکردنی پارەی زیادی پلەکان.
لە ساڵی 2015ـەوە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کە دوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش سەریهەڵدا، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا. رووداو زانیویەتی، ئەو لیستەی رەوانەی بەغدا کراوە، پلەبەرزکردنەوەی لە ساڵی 2015ـەوە تێدایە تاوەکو ئەم ساڵ.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.