لێکۆڵینەوەیەک: ئەبوزەبی سەلامەتترین شاری جیهانە
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەک دەڵێت، لەنێو 343 شاری وڵاتانی جیهان کە ریزبەندییان بۆ کراوە، شاری ئەبوزەبی لە ئیمارات بە سەلامەتترین شار دەستنیشانکراوە؛ بەغدا لە پلەی 266ەمین دایە.
توێژینەوەکە لە ماڵپەڕی نومبیۆ بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت، لەنێو 10 سەلامەتترین شاری جیهاندا چواریان ئیماراتین. ئەبوزەبی لە پلەی یەکەم دێت؛ رەئس خەیمە لە پلەی دووەم؛ عەجمان لە پلەی پێنجەم و دووبەی لە پلەی شەشەم.
بە گوێرەی ئەو ریزبەندییە، ساڵی رابردوو بەغدا 328ـەم شاری سەلامەتی جیهان بوو، ئەم ساڵ هاتووەتە پلەی 266ـەم. لە عێراقدا تەنیا شاری بەغدا لە پۆلێنەکەدا هەیە.
سەبارەت بە سووریا، ماڵپەڕەکە شاری دیمەشقی بە 316ـەمین شاری سەلامەتی جیهان داناوە. هەروەها تاران کە پار لە پلەی 312دا بوو، ئەم ساڵ هاتووەتە پلەی 263ـەمین.
ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاش لە پلەی 160ـەمینەوە هاتووەتە پلەی 130یەم.
لەو ریزبەندییەدا ئەوەش هاتووە، سەلامەتترین شاری کیشوەری ئەورووپا لاهایە لە هۆڵەندا کە لەسەر ئاستی جیهان پلەی هەشتەمیشی گرتووە. دوای لاهایش شارەکانی میونشن لە ئەڵمانیا و ترۆندهایم لە نەرویج دێن کە لەسەر ئاستی جیهان پلەی نۆیەم و دەیەم و لەسەر ئاستی ئەورووپاش پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
لەو ریزبەندییەدا ئەوەش هاتووە کە لە پێنج نائارامترین شاری جیهاندا چواریان لە ئەفریقای باشوورن. پیتەرمارتزبەرگ نائارامترین، پریتۆریا دووەم نائارامترین، جۆهانسبێرگ چوارەم نائارامترین و دوبرانیش بە پێنجەم نائارامترین شاری جیهان دەستنیشان کراون.
10 سەلامەتترین شارەکانی جیهان بۆ ساڵی 2024
1- ئەبوزەبی لە ئیمارات
2- رەئس خەیمە لە ئیمارات
3- تایپێ لە تایوان
4- دەوحە لە قەتەر
5- عەجمان لە ئیمارات
6- دووبەی لە ئیمارات
7- مەسقەت لە عومان
8- لاهای لە هۆڵەندا
9- میونشن لە ئەڵمانیا
10- ترۆندهایم لە نەرویج
10 نائارامترین شارەکانی جیهان بۆ ساڵی 2024
1- پیتەرمارتزبەرگ لە ئەفریقای باشوور
2- پریتۆریا لە ئەفریقای باشوور
3- کاراکاس لە ڤەنزوێلا
4- جۆهانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور
5- دوبرانیش لە ئەفریقای باشوور
6- پۆرت مۆرسەبی لە پاپوا نیو گیانا
7- سان پێدرۆ ساولا لە هیندۆراس
8- ریۆ دی جانێرۆ لە بەرازیل
9- پۆرت ئیلیزابێس لە ئەفریقای باشوور
10- مەمفێس لە ئەمریکا
ساڵی 2009 نومبیۆ دامەزراوە و بارەگاکەی لە شاری بلگرادی سربیایە. نومبیۆ راپۆرتی خۆی سەبارەت بە خەرجیی ژیان، ئاسایش و چەند بابەتێکی دیکە لە شارەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە.