بەهۆی چەند کاتژمێرێکەوە پۆلیس هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی سەرۆکی پیرۆ
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی پیرۆ رەخنە لە هێزەکانی پۆلیس دەگرێت بەوەی بێ ئاگاداری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەرۆکی وڵاتەکە لە شاری لیمای پایتەخت و ماڵەکەیان پشکنیوە.
رۆژی شەممە، پۆلیسی پیرۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دینا بۆلورتە، سەرۆکی پیرۆ، وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بەرپرسانی وڵاتەکە کە سامانی خۆیان ئاشکرا نەکردووە، یانیش بە شێوەیەکی نایاسایی دەوڵەمەند بوون.
بەڵام سەرۆکوەزیرانی پیرۆ، هەنگاوی پۆلیسی وڵاتەکەی بە "نادەستووریی و بەزاندنی هێڵەکانە" وەسفکرد. گۆستاڤۆ ئەدریانزێن، سەرۆکوەزیرانی پیرۆ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیس بۆ سەر ماڵەکەی نووسیویەتی "ئەو ژاوەژاوە سیاسییەی هەیە، کاریگەریی لەسەر داهاتووی تەواوی وڵاتەکە دەبێت. ئەوەی لە چەند کاژێری رابردوودا روویداوە، هەنگاوێکی نادەستوورییە".
پۆلیس رایگەیاندووە، ئەوان بەدوای کاتژمێرە دەستییەکانی سەرۆکدا گەڕاون کە هەموویان ماڕکەی گرانبەهای رۆلێکس بوون.
دوای هەڵکوتانە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی، دینا بۆلورتە لەنێو کۆشکەوە، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو رێوشوێنەی سپێدەی رۆژی شەممە گیرانەبەر، سووکایەتیکردنە."
بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، نزیکەی 40 ئەفسەری پۆلیس و لێکۆڵینەوە بەیانی رۆژی شەممە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرۆکی پیرۆ و دەرگەی ماڵەکەیان شکاندووە و چوونەتە ماڵەکەوە و دەستیانکردووە بە پشکنین، میدیا ئاشکرایان کردووە سەرۆکی پیرۆ لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە ماڵەوە بووە.
سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە، سەرۆکایەتی پیرۆ لە پۆستێکی ئێکسدا رایگەیاندووە: "ستافی کۆشکی سەرۆکایەتی، ئاسانکاری و هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە و داواکارییەکانیان جێبەجێکردوون".
هەروەها سەرۆکایەتی رەتیدەکاتەوە، دینا بۆلورتەی تەمەن 61 ساڵ، دەستی لەکار کێشابێتەوە.
دوو هەفتە لەمەوپێش، داواکاری گشتیی پیرۆ، لێکۆڵینەوەی لەسەر سەرۆکی وڵاتەکە دەستپێکرد، دوای ئەوەی میدیای ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە کە سەرۆکی وڵات خاوەنی چەندین کاتژمێری دەستیی گرانبەهای مارکەی رۆلێکسە.
دینا بۆلورتە کە لە کانوونی یەکەمی 2022یەوە بووەتە سەرۆکی پیرۆ، دانی بەوەدا ناوە خاوەنی چەند کاتژمێرێکی گرانبەهایە، بەڵام رایگەیاندووە، ئەو کاتژمێرانەی پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کڕیون.
لە سەرەتای ئەم مانگەش لەبارەی لێکۆڵینەوەکان، رایگەیاند: "بە دەستپاکی هاتمە نێو ئۆفیسی سەرۆکایەتی و بەهەمان شێوەش بەجێی دەهێڵم".