ئەلبانیا رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئیتاڵیا جێبەجێ دەکات و کەمپی کۆچبەران دروست دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی جادێرە لە باکووری رۆژئاوای ئەلبانیا لەسەر دەریای ئادریاتیک، کە ئەوبەری دەریاکە ئیتاڵیایە، دەست بە دروستکردنی کەمپێك کراوە تایبەت بەو کۆچبەرانەی لە دەریای نێوەڕاست لەسەر رێگەیان بەرەو ئیتاڵیا دەگیرێن یان رزگار دەکرێن.
 
پاولین لوجاژ، هاووڵاتی ئەلبانیا دەڵێت، "وڵاتەکەمان لەگەڵ ئیتاڵیا رێککەوتنێكی کردووە و بڕیارە هەزاران کۆچبەری وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا لێرە جێگیر بکرێن. زۆربەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ناڕازین، چونکە ئاسایشمان دەکەوێتە مەترسییەوە."
 
لە شوباتی ئەم ساڵ، پەرلەمانی ئەلبانیا رەشنووسی رێککەوتنەکەی پەسند کرد.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەلبانیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ ساڵانە 36 هەزار کۆچبەر لە ئیتاڵیا وەردەگرێت و لە کامپ دەیانهێڵێتەوە. خەرجیی دروستکردنی کەمپەکان و پاشان بەڕێوەبردنیان لە ئەستۆی ئیتاڵیایە، کە پێشبینی دەکرێت ساڵانە سەرووی 215 ملیۆن یۆرۆ بێت.
 
کۆچبەرەکان لەوێ دەمێننەوە تاوەکو سەیری کەیسەکەیان دەکرێت؛ لەسەر ئەو بنچینەیە یان دەگەڕێندرێنەوە ئیتاڵیا یان رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە.
 
پاولین لوجاژ، هاووڵاتی ئەلبانیا دەڵێت، "چوار منداڵەکەی منیش کۆچیان کردووە. لێرە بە تەنیا لەگەڵ هاوژینەکەم دەژیم، بێگومان ئەو کەسانەی دەهێندرێنە ئێرە، کێشەیان دەبێت."
 
لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 160 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا؛ دوو هێندەی هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە دەیەی رابردوودا زیاتر لە 63 هەزار کۆچبەر لەکاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی نیوەیان لە رێگەی دەریای نێوەڕاست مردوون.