بەشێک لە ئەمریکییەکان ترسیان لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا


رووداو دیجیتاڵ 

جەنگی جیهانیی سێیەم، چەکی ئەتۆمی و کوژرانی سەتان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان. ئەوانە جاران تەنیا لە فیلمەکانی هۆڵیود دەبیندران، ئێستا وەکو ئەگەرێک لێرە لە ئەمریکا باسدەکرێت.
 
ئادەم هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، دەڵێت، "گوێت لەوە دەبێت کە ئەگەر ناتۆ بەشداریی لەم شەڕەدا بکات ئەوە رووسیا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت. ئەوە ئەگەرێکی تۆقێنەرە، بەڵام من نازانم چی روودەدات. زەحمەتە بزانین."
 
رۆزیش هاووڵاتییەکی دیکەی ئەمریکییە، بە بڕوای ئەو "هیچ لۆجیکێک نییە بۆ ئەنجامدانی جەنگی جیهانیی سێیەم. ئەوە هیچ سوودێکی نابێت و هیوادارم هیچ سوودێکی نەبێت."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزرا. بۆ ئەوە دامەزرا کە رێگە بگرێت لە دووبارەبوونەوەی جەنگێکی جیهانیی دیکە. کاشە کاسی، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و دەڵێت، "بە جۆرێک ئەوە جێگەی خەمە کە ئێستا ئێمە جارێکی دیکە دوای ئەوەندە ساڵە لەم دۆخەداین. ئایا ئێمە هەر فێرنەبووین و وانەمان وەرنەگرت؟ ئایا ئێمە هەر فێرنەبووین کە چەندێک ئەو شەڕە خراپ بوو؟" 
 
ئەو ترسەی ئەو ئەمریکییانە زیاتر بەهۆی هەڕەشەکانی رووسیا و راپۆرتی میدیاکانی ئەمریکایە، بەڵام تا چەنێک ئەو ترسە لە جێگەی خۆیەتی؟ نە ئەمریکا و نە رووسیا و نە هیچ لایەنێک ناتوانن پێشبینیی داهاتوو بکەن لە ئەگەری شەڕێکی هاوشێوەی ئۆکراینا، بەڵام ئەگەر یەک جێگەیەک هەبێت لە جیهاندا کە زۆرترین زانیاری و ئەزموونی باوەڕپێکراوی هەبێت دەربارەی پێشبینیکردنی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکانە، چونکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە مەبەستی سەرەکی و راستەقینەی ئەو رێکخراوە رێگریکردن بووە لە جەنگیی جیهانی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. لەبەر ئەوەیە زیاتر لە 70 ساڵە چەندین ئۆرگانی نێودەوڵەتی کار لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری و دروستکردنی میکانیزم دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کەمتر ببێتەوە و پێش دوو هەفتە بەرپرسی یەکەمی ئەم رێکخراوە ئەم پێشبینییە تۆقێنەرەی راگەیاند.  
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "زیاتر تووندترکردنی ئەم شەڕە، ئینجا بە مەبەست بێت یان بە رێکەوت، ئەوە دەبێتەهۆی هەڕەشە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئەو پێشهاتەی کە رووسیا چەکە ئەتۆمییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، راستییەکی تۆقێنەرە تاوەکو سەر ئێسقان. ئەگەری شەڕێکی ئەتۆمی کە پێشتر مەحاڵ بوو، ئێستا ئەگەری روودانی هەیە." 
 
سەرچاوەیەک لە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەو پێشبینییەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتبەستن بووە بە کۆمەڵێک زانیاری و ئاماژەی نوێ، بەڵام دوای 13 رۆژ لەو پێشبینییە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز جارێکی دیکە گەڕایەوە پێش میدیاکان و پێشبینییەکەی پێچەوانە و زیاتر گەشبینییانەی هەبوو. ئەو گوتی، "من ئەگەری روودانی شەڕێکی ئەتۆمی یان بایۆلۆجی یاخود کیمیایی لەم سیناریۆیە نابینم. من لەو باوەڕەدام کە رێگری لێدەکرێت و دەبێت رێگەی لێبگیرێت." 
 
روون نییە چ زانیارییەکی نوێ وای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بڵێت، رێگری دەکرێت لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان ناڵێت گەرەنتی بەکارنەهێنانی چەکی ئەتۆمی هەیە و رووسەکان بەمەبەست ناڵێن ئێمە بەهیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی بەکارناهێنین.