بەهۆی کوژرانی کۆچبەرێکەوە باڵیۆزخانەی مالیزیا لە ئیندۆنیزیا هێلکەباران کرا

31-01-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پاسەوانی دەریاوانیی مالیزیا تەقەی لە بەلەمێکی کۆچبەرانی ئیندۆنیزی کرد و کۆچبەرێکی کوشت، ئەمڕۆ لە جاکارتا بەرپرس و ئەندامانی نزیکەی 100 رێکخراو لەبەردەم باڵیۆزخانەی مالیزیا خۆپێشاندانیان کرد و باڵیۆزخانەکەیان هێلکەباران کرد.
 
رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025، بەلەمێکی کۆچبەرانی ئیندۆنیزی، کە دەیانویست بچنە مالیزیا، لەلایەن پاسەوانی دەریاوانیی ئەو وڵاتەوە تەقەیان لێکرا، کە پێنج کۆچبەری تێدابوو، یەکێکیان کوژرا و ئەوانی دیکەش رزگار کران.
 
ئەمڕۆ بەو هۆیەوە لە جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا سەرۆک و لایەنگری زیاتر لە 100 رێکخراوی وڵاتەکە لەبەردەم باڵیۆزخانەی مالیزیا خۆپێشاندانیان کرد، خۆپێشاندەران هێلکەبارانی دیوار و دەرگای چوونە ژوورەوەیان کرد.
 
تەرمی کۆچبەرەکە گەڕێندراوەتەوە ئیندۆنیزیا. رۆژێک دوای رووداوەکەش وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، پێویستە لێکۆڵینەوەی پێویست لە رووداوەکە بکرێت، بۆئەوەی رێکاری پێویست بگرنەبەر.
 
واهیو سوسیلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئیندۆنیزیا دەڵێت، ئەمە نموونەیەکی دیکەی ئەو ئیندۆنیزیانەیە کە بە دەستی مالیزیەکان کوژراون.
 
بەگوێرەی رێکخراوی چاودێریی مافی کۆچبەرانی ئیندۆنیزیا، لە ساڵی 2005ـەوە پاسەوانی دەریاوانیی ئیندۆنیزیا 75 کۆچبەری ئیندۆنیزییان، کوشتووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەو وڵاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە