رووداو دیجیتاڵ
ژیریی دەستکردی چینی ناسراو بە دیپسیک، لەلایەن حکومەتی ئیتاڵیاوە قەدەخە کرا، لە ئاپستۆر و پلەی ستۆر لەو وڵاتەدا چالاک نییە، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی پاراستنی زانیاریی تەکنەلۆژی ئیتاڵیا، ئەو بەرنامە چینییەیان بە ناشەفافی لە چۆنیێتی کۆکردنەوەی زانیاریی و داتای کەسێتیی بەکارهێنەرانی ئیتاڵیا تۆمەتبار کرد.
رۆژی پێنجشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2025، دەسەڵاتی پاراستنی زانیاری تەکنەلۆژی ئیتاڵیا، ئاپلیکەیشینی دیپسیکی چینی قەدەخە کرد، دەزگاکە پێشتر داوایان لەو کۆمپانیا چینییە کردووە، چۆنیێتی کۆکردنەوەی زانیارییە تایبەتییەکانی بەکارهێنەرانی ئیتاڵیا بۆ ئاشکرا بکات و تاوەکو ئێستا ئەوان نازانن دیپسیک ئەو پرۆسەیە چۆن دەکات و هیچ شەفافێتییەکەی تێدا نییە.
دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەوان دەیانەوێت بزانن، دیپسیک، چی جۆرە داتایەکی کەسی کۆدەکاتەوە، سەرچاوەی ئەو داتایانە چین و بۆچی مەبەستێکیش بەکاریدەهێنن و ئایا ئەو زانیارییانە لە چینیش هەڵدەگیرێن و دوا خاڵیش ئەوەیە، بنەمای یاسایی کۆکردنەوەی ئەو زانیارییانە چییە.
هەفتەی رابردوو، دیپسیک، کە بەرنامەیەکی خۆڕایی ژیریی دەستکردە، خرایە بازاڕەوە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی داونلۆدەکانی، چات جیپیتی ئەمریکی تێپەڕێنێت.
لەگەڵ ئەوە داوایەی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا، ئێستا ئەو بەرنامەیە لە ئەپستۆری ئەپڵ و پلەی ستۆریی گووگڵیش لە ئیتاڵیا بەردەست نییە و کۆمپانیا چینییەکەش تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی بۆ داواکارییەکانی ئیتاڵیا نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا چینییەدا دەکات، لەبارەی تۆمەتی ئەوەی چیپی قەدەخەکراوی ئەمریکی لەو بەرنامەیەدا بەکارهێنرابێت.
دیپسیک دانی بەوەدا ناوە کە چیپی H800ـی ئێن ڤیدیای بەکارهێناوە کە لە 2023 بە یاسایی کڕیویەتی، بەڵام میدیای ئەمریکی بڵاویانکردووەتەوە، ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەمریکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەوەی چیپی ژیریی دەستکردی ئەمریکی بە نایاسایی لەچەند وڵاتێکی دیکەوە و بەتایبەت لە سەنگاپوورەوە بۆ چین رەوانە کراوە، ئەو کۆمپانیا چینییەش ئەو چیپانەی لە بەرنامەکەدا بەکارهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ